پشتیوان سادق: له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ ناكۆكییه‌ك له‌ نێوان ئایینه‌كاندا نیه‌

01:27 - 17/05/2022

896جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- 

وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان ئایینه‌كاندا هیچ ناكۆكییه‌ك نه‌بوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ فه‌زڵی هه‌مو هاوڵاتیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه‌ نیعمه‌تێكی خودای گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌.

پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشەممە له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ به‌شداربوه‌ له‌ مه‌راسیمی سه‌رله‌نوێ بونیاتنانه‌وه‌ی مه‌زاری پیری خۆشئاڤای ئێزدییه‌كان، كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رله‌نوێ بونیاتنراوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌كاتێكی نزیكدا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزدییه‌كان پێشكه‌شكراوه‌ تایبه‌ت به‌ لالش و شوێنه‌كان تر، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ست به‌كاركردن ده‌كرێت تیایاندا.

ئه‌و گرنگیدانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ شوێنه‌ ئایینیه‌كان نیشانه‌ی بڕوابونی حكومه‌ته‌ به‌ پێكه‌وه‌ ژیان
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌و گرنگیدانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ شوێنه‌ ئایینیه‌كان نیشانه‌ی بڕوابونی حكومه‌ته‌ به‌ پێكه‌وه‌ ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ی كه‌ بوه‌ته‌ نمونه‌یه‌كی زۆر جوان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ناوچه‌كه‌دا، پیاوانی ئایینی هه‌مو ئایینه‌كان رۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌روی رۆحییه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ی وشه‌ی مرۆڤایه‌تی و به‌ها جوانه‌كان له‌ هه‌رێم ره‌نگبداته‌وه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی لای پیاوانی ئایینی له‌ هه‌مو ئایینیه‌كان هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاراستنی كوردستان، خۆشه‌ویستی كوردستان و به‌هێزكردنی به‌ها رۆحییه‌كانه‌، ئێمه‌ به‌ ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌و رۆحیه‌ته‌ قوڵ بكه‌ینه‌وه‌".
 له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان ئایینه‌كاندا ناكۆكی نه‌بوه‌
پشتیوان سادق باسی له‌وه‌شكرد، "ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان ئایینه‌كاندا ناكۆكی نه‌بوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ فه‌زڵی هه‌مو هاوڵاتیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه‌ نیعمه‌تێكی خودای گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پێویسته‌ خزمه‌تی زیاتری ئێزدییه‌كان بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌هێرشی داعشدا ئه‌وان زه‌ره‌رمه‌ندترین بون، بۆیه‌ چه‌ندێك خزمه‌تیان بكرێت هێشتا خۆیان به‌ قه‌رزاریان ده‌زانن.