ئەنجومەنی دادوەری هەرێم له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز وه‌ڵامی دادگای فیدڕاڵی ده‌داته‌وه‌

12:09 - 17/05/2022

4790جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، له‌باره‌ی ناده‌ستور و نایاسایی بونی دۆسیه‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێم وه‌ڵامی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی دایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز له‌لایه‌ن حکومەتی هەرێمه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور نییه‌".

دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراق ساڵی 2005 یه‌كده‌گرێته‌وه‌، مادده‌كانی یاسای نه‌وت و گاز ژماره‌ 22ی ساڵی 2007، كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچون، له‌گه‌ڵ مادده‌كانی ده‌ستوری عێراق ناكۆك نییه‌.

لەدەستوردا لەساڵی 2005 هاتوە حكومه‌تی فیدڕاڵی له‌و كێڵگانه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ئیداره‌ی نه‌وت و گاز ده‌كات، له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان

وتیشی، له‌به‌رئه‌وه‌ی مادده‌ی 110 و 112ی ده‌ستوری عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌، كه‌ "حكومه‌تی فیدڕاڵی له‌و كێڵگانه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ئیداره‌ی نه‌وت و گاز ده‌كات، له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان، تا به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو به‌سه‌ر دانیشتوانی هه‌مو عێراق دابه‌شبكرێت، له‌گه‌ڵ پێدانی پشكێكی دیاریكراو بۆ ئه‌و هه‌رێمانه‌ی له‌ سه‌رده‌می رژێمی پێشو زیانیان به‌ركه‌وتوه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی یاسا رێكده‌خرێت"، بۆیه‌ پێویسته‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌ پێی ئه‌و مادده‌ ده‌ستوریانه‌ به‌رده‌وام بێت.

ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتییانه‌ی له‌ دوای ساڵی 2005 له‌ هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراون، پێویسته‌ له‌ژێر به‌رپرسیارێتی هه‌رێمی كوردستان بن

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتییانه‌ی له‌ دوای ساڵی 2005 له‌ هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراون، پێویسته‌ له‌ژێر به‌رپرسیارێتی هه‌رێمی كوردستان بن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌قی ده‌ستور ئاماژه‌ی ته‌نها به‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ئێستا واته‌ ئه‌وكات كردوه‌، كه‌ به‌ر له‌ ساڵی 2005 هه‌بوه‌، به‌ڵام كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دوای ساڵی 2005 كاریان له‌سه‌ر كراوه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ 22ی ساڵی 2007، كه‌ پشتی به‌ ده‌ستوری عێراق به‌ستوه‌، هه‌رێمی كوردستان ئیداره‌ی ئه‌و كێڵگانه‌ ده‌دات و یاساكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراق هیچ ناكۆكییه‌كی تێدا نییه‌".

لەکاتێکدایە 15ی (شوبات/5)ی ئه‌مساڵ دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا بڕیاریدا كه‌ یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوری نییه‌ و سه‌رپێچی ده‌ستوری فیدڕاڵیه‌، بۆیە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند كرا به‌ راده‌ستكردنی ته‌واوی داهاته‌كانی نه‌وت به‌ به‌غدا.

له‌به‌رامبه‌ریشدا په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵیان ره‌تكرده‌وه‌ و كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و بەپێچەوانەی دەستور ناویانبرد.