هەواڵی ئەمڕۆ

دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یروت و داڕوخانی ئابوری، لوبنان یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامده‌دات

10:15 - 15/05/2022

3057جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دوای ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی مه‌رفای به‌یروت و داڕوخانی ئابوری، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌كاتژمێر 7:00ی به‌یانیه‌وه‌، بنكه‌كانی ده‌نگدان به‌ ڕوی ده‌نگده‌رانی شاره‌كانی لوبنان كرانه‌وه‌، زیاتر له‌ 2.000.000 (دو) ملیۆن ده‌نگده‌ریش مافی به‌شداریكردنیان له‌پرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌.

دوای چه‌ند مانگێك له‌ نادڵنیایی له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ 15 ناوچه‌ی لوبنان ده‌رگای بنكه‌كانی ده‌نگدان به‌ڕوی ده‌نگده‌ران كرانه‌وه‌، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ سه‌روی 21 ساڵه‌وه‌یه‌ له‌ شارۆچكه‌ و گونده‌كانیان ده‌نگ ده‌ده‌ن كه‌ به‌شێك له‌ بنكه‌كانیش له‌ شوێنی نیشته‌جێبونیانه‌وه‌ دورن.

لوبنان له‌ ژێر قورسایی توانه‌وه‌ی ئابوریدایه‌ و له‌لایه‌ن بانكی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌، چینی ده‌سه‌ڵاتدار و ته‌قینه‌وه‌ وێرانكه‌ره‌كه‌ی به‌نده‌ری مه‌رفای به‌یروت له‌ ساڵی 2020، به‌هۆكاری داڕوخانی ئابوری ئه‌و وڵاته‌ ده‌زانێت.

 كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر 11 گروپی ئایینیدا دابه‌ش ده‌كرێن

چاوه‌ڕوانییه‌كان بۆ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ له‌ ژێر رۆشنایی سیسته‌می تائیفیی لوبناندا، كه‌ كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر 11 گروپی ئایینیدا دابه‌ش ده‌كات و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارته‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت.

دوایین هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌ ساڵی 2018 ئه‌نجامدرا، شاهیدی سه‌ركه‌وتنی گروپی حزبوڵای چه‌كداری شیعه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی بو

دوایین هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌ ساڵی 2018 ئه‌نجامدرا، شاهیدی سه‌ركه‌وتنی گروپی حزبوڵای چه‌كداری شیعه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی بو، له‌نێویاندا بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری ئازاد به‌ سه‌رۆكایه‌تی میشێل عه‌ون به‌ 71 (حه‌فتا و یه‌ك) كورسی له‌ كۆی 128 (سه‌د و بیست و هه‌شت) كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مه‌ش وه‌ك گورزێك له‌ لایه‌نی سعودیه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ وه‌سفكرا.

پێشبینی ده‌كه‌ن له‌ پێكهاته‌ی په‌رله‌مانی ئێستادا گۆڕانكارییه‌كی كه‌م به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت

حزبوڵای لوبنان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی لوبنانه‌وه‌ ده‌ڵێت، "پێشبینی ده‌كه‌ن له‌ پێكهاته‌ی په‌رله‌مانی ئێستادا گۆڕانكارییه‌كی كه‌م به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت"، له‌به‌رامبه‌ریشدا نه‌یاره‌كانیان به‌تایبه‌تیش پارتی هێزه‌كانی مه‌سیحی لوبنانی ده‌ڵێت، "هیوادارین كورسییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری ئازاد به‌ده‌ستبهێنن".

بایكۆتی سه‌عد حه‌ریری سه‌ركرده‌ی سوننه‌ بۆشایییه‌ك به‌جێده‌هێڵێت

نادڵنیایی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی لوبنان زیاد ده‌كات بەتایبەت دوای بایكۆتی سه‌عد حه‌ریری سه‌ركرده‌ی سوننه‌ كه‌ بۆشایییه‌ك به‌جێده‌هێڵێت، به‌مه‌ش هه‌م هاوپه‌یمانه‌كانی و هه‌میش حزبوڵای نه‌یاری هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ده‌ده‌ن كه‌ سه‌عد حه‌ریری دروستی ده‌كات.

گروپه‌كانی چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هۆشداریانداوه‌ كه‌ كاندیده‌كان ده‌نگه‌كان ده‌كڕن 

له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، گروپه‌كانی چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هۆشداریانداوه‌ كه‌ كاندیده‌كان ده‌نگه‌كان ده‌كڕن به‌ پاكێجی خۆراك و كۆدی سوته‌مه‌نی كه‌ ده‌درێت به‌و خێزانانه‌ی كه‌ به‌هۆی داڕوخانی داراییه‌وه‌ زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتوه‌.

بڕیاره‌ په‌رله‌مانی داهاتوی لوبنان ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و چاكسازییه‌ گه‌ورانه‌ بدات كه‌ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی داوای كردوه‌

بڕیاره‌ په‌رله‌مانی داهاتوی لوبنان ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و چاكسازییه‌ گه‌ورانه‌ بدات كه‌ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی داوای كردوه‌ بۆئه‌وه‌ی ڕێگه‌ بدرێت به‌ هاوكاری دارایی ڕاسته‌وخۆ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌یرانی لوبنان، هه‌روه‌ها په‌رله‌مان سەرۆك كۆمارێكی نوێ لەشوێنی میشێل عه‌ون هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ عه‌ون له‌ 31ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی ئه‌مساڵ ماوه‌كه‌ی كۆتایی دێت.

ئه‌گه‌ری زۆره‌ لوبنان ڕوبه‌ڕوی قۆناغێكی ئیفلیجی سیاسی ببێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی سنورداركردنی بوژانه‌وه‌ی ئابورییه‌كه‌ی

چاودێران ده‌ڵێن به‌بێ گوێدانه‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌گه‌ری زۆره‌ لوبنان ڕوبه‌ڕوی قۆناغێكی ئیفلیجی سیاسی ببێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی سنورداركردنی بوژانه‌وه‌ی ئابورییه‌كه‌ی، له‌ كاتێكدا لایه‌نه‌كان ده‌ستده‌كه‌ن به‌ دانوستانێكی توند له‌سه‌ر پۆسته‌ وزاریه‌كانی حكومه‌تێكی نوێ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ چه‌ند مانگێكیش دانوستانه‌كان به‌رده‌وام بن.

لوبنان  به‌سه‌ر 15 (پازده‌) بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن دابه‌شكراوه‌و هه‌روه‌ها 103 (سه‌د و سێ) هاوپه‌یمانی به‌شداری له‌پرۆسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن

وڵاتی لوبنان  به‌سه‌ر 15 (پازده‌) بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن دابه‌شكراوه‌و هه‌روه‌ها 103 (سه‌د و سێ) هاوپه‌یمانی به‌شداری له‌پرۆسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن و له‌كێبڕكێدان، زیاتر له‌ 1000 (هه‌زار) كاندیدیش هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ده‌ن كه‌ ژماره‌یان 128 (سه‌د و بیست و هه‌شت) كورسیه‌، په‌رله‌مانی لوبنان جیاوازه‌ له‌ په‌رله‌مانی وڵاتانی دیكه‌ له‌ دیاریكردنی كورسیه‌كان،  له‌و 128 (سه‌د و بیست و هه‌شت) كورسییه‌ 64 (شه‌ست و چوار) كورسی بۆ كریستانه‌كان دانراون و 64 (شه‌ست و چوار) كورسی دیكه‌ش بۆ موسوڵمانه‌كان دانراون، له‌نێو موسڵمانه‌كانیشدا كورسیه‌كان به‌سه‌ر چه‌ند پێكهاته‌یه‌كدا دابه‌شده‌كرێن.

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی لوبنان له‌دوای ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی 4ی (ئاب/8)ی 2020ی به‌نده‌ری مه‌رفای به‌یروت دێت كه‌ زیاتر له‌ 500 (پێنجسه‌د) كوژراو و 6.500 (شه‌ش هه‌زار و پێنجسه‌د) برینداری لێكه‌وته‌وه‌، به‌وته‌ی چاودێران ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌بیری هاوڵاتیان ماوه‌ته‌وه‌ و كاریگه‌ری تایبه‌تی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌بێت. 

نیشانەکردن

لوبنان