مەزڵوم كۆبانێ له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ هه‌ڵگرتنی سزای سه‌ر رۆژئاڤا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

11:34 - 14/05/2022

7551جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی بڕیاری سزای ناسراو بە "قەیسەر"ی حکومەتی ئەمریکا لەسەر رۆژئاڤای کوردستان رایگه‌یاند، پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەن و بەرز دەینرخێنن و هه‌نگاوێكه‌ بۆ رێگریكردن لە گەڕانەوەی داعش و ئومێد بە هەمو سورییەکان دەبەخشێت.

حکومەتی ئەمریکا سزای ناسراو بە "قەیسەر" لەسەر رۆژئاڤای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)ی هەڵگرت.

پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەین و بەرز دەینرخێنین
مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی سزاكه‌، بڵاویكرده‌وه‌، "پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەین و بەرز دەینرخێنین بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".
 بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا هەنگاوێکە بۆ رێگریكردن لە گەڕانەوەی داعش و ئومێد بە هەمو سورییەکان دەبەخشێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا هەنگاوێکە بۆ رێگریكردن لە گەڕانەوەی داعش و ئومێد بە هەمو سورییەکان دەبەخشێت و پێشوازیی لە هەمو کۆمپانیایەک دەکەن، کە بیانەوێت له‌ باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەبەرهێنان بکەن.
وەبەرهێنەران دەتوانن  وەبەرهێنان لە رۆژئاڤای کوردستان بکەن
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، وەبەرهێنەران دەتوانن لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، زانیاری و پەیوەندییەکان، کارەبا، ئاوەدانکردنەوە، ئابوری، وزەی خاوێن، گواستنەوە، تەندروستی، پەروەردە، پیشەسازی و بازرگانییدا کاری وەبەرهێنان لە رۆژئاڤای کوردستان بکەن، بێ ئەوەی لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە سزایان بەسەردا بسەپێندرێت. 

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، بڕیارێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێگە بە هەبونی هەندێک چالاکی ئابوری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و هەندێک ناوچەی باکوری رۆژئاوای سوریا دەدات. 
 
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، ئەو بڕیارەی حکومەتی ئەمریکا پاڵپشتی لە ستراتیژییەتی ئیدارەی بایدن تایبەت بە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش دەکات، ئەوەش لە رێگەی بوژاندنەوەی ئابوری لەو ناوچانەدا کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا لەژێر دەستی داعش دەرهێندراون.