خهندان-
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگهیاند، پێشوازی دهكات لە پێشنیاری فینلاند بۆ چونە پاڵ هاوپهیمانی باكوری ئهتڵهسی (ناتۆ)، سەرەڕای هۆشدارییەکانی روسیا دەربارەی ئەم هەنگاوە.
پێشتر ساولی نینستۆ، سەرۆکی فینلاند و سەنا مارین، سەرۆک وەزیرانی فینلاند داوایان كرد فینلاند ببێته ئهندامی ناتۆ و رایانگهیاند، "وەک ئەندامێکی ناتۆ، فینلاند توانای بەرگری بەهێز دەکات و هیوادارین لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا ئەو هەنگاوە نەتەوەییانەی کە پێویستن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بەزویی ئەنجام بدرێن".
ههمو وڵاتێک مافی ئەوەی هەیە ڕێگای خۆی و هاوپەیمانەکانی خۆی هەڵبژێرێت
ساموێل وۆربێرگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئهمریكا له لێدوانێكدا به
سكای نیوز-ی راگهیاند، "ههمو وڵاتێک مافی ئەوەی هەیە ڕێگای خۆی و هاوپەیمانەکانی خۆی هەڵبژێرێت، چونەناو ناتۆش بڕیارێکە لە نێوان 30 هاوپەیمانی ناتۆ و ئەو وڵاتەی کە ئاواتەخوازە بچێتە پاڵی، بڕیاریی لێدهدرێت و کەسی دیكه ناتوانێت دەستتێوهردان بكات".
ئیدارەی بایدن پابەندە بەوەی کە دڵنیابێت لەوەی کە سیاسەتی دەرگا کراوەی ناتۆ لە بەردەستی وڵاتانی ئاواتخوازدا دەمێنێتەوە
جەختیشیکردەوە، کە ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا جۆو بایدن پابەندە بەوەی کە دڵنیابێت لەوەی کە سیاسەتی دەرگا کراوەی ناتۆ لە بەردەستی وڵاتانی ئاواتخوازدا دەمێنێتەوە، کاتێک ئامادەن و دەتوانن پابەندی ئەندامێتی جێبەجێ بکەن و بەشداری بکەن لە ئاسایش لە ناوچەی یۆرۆ.
فینلاند و سوید هاوبەشێکی نزیک و گرنگی ئەمریکا و ناتۆن
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئهمریكا وتیشی، "فینلاند و سوید هاوبەشێکی نزیک و گرنگی ئەمریکا و ناتۆن، ئێمە بە توندی پابەندین بە بەهێزکردنی هاوکارییە دوقۆڵییەکانی بەرگری و ئاساییشمان".
ئهوهشی خستهڕو، "بەهێزکردنی هاوکاری بەرگری ناتۆ بەتایبەتی گرنگە لەبەر ڕۆشنایی نیگەرانییەکانی ئاسایشی ئەوروپا، کە بههۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕوسیاوە لە ئۆکرانیا بەرزکراوەتەوە".
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی روسیا لە ئۆکرانیا بوەهۆی گۆڕانکارییەکی مێژویی لە پێگەکانی فینلاند بۆ چونە پاڵ ناتۆ
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی روسیا لە ئۆکرانیا بوەهۆی گۆڕانکارییەکی مێژویی لە پێگەکانی فینلاند بۆ چونە پاڵ ناتۆ، کە هەفتەی رابردو دەستیان بە گفتوگۆكرد لهوبارهیهوه، ئهو ههنگاوهش مۆسکۆی توڕەكرد.
كۆشكی سهرۆكایهتی روسیا (کرملین) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، کە چونەژورەوەی فینلاند بۆ ناتۆ هەڕەشەیەکی بۆ ڕوسیا دروست دەکات و ئهو بڕیاره، هەڵوێستێكی دوژمنكارانهیه بهرامبهر به مۆسكۆ.
هاوپەیمانان بە شێوەیەکی نەرم و خێرا پێشوازی لە سوید و فینلاند دەکەن بۆ ئهندامبونیان له ناتۆ
لە ئەنجامی ئەو هۆشدارییانەی روسیا، سکرتێری گشتی ناتۆ بەم دواییانە ئاماژەی بەوەدا، کە هاوپەیمانان بە شێوەیەکی نەرم و خێرا پێشوازی لە سوید و فینلاند دەکەن بۆ ئهندامبونیان له ناتۆ.
فینلاند لە کاتی جەنگی سارددا بێلایەنی مایەوە، لە بەرامبەر ئەو دڵنیاییەی لە مۆسکۆ وەریگرت کە هێزەکانی سۆڤیەت خاکەکەی داگیر ناکەن، ئهو دهوڵهته به ژمارهی 5.5 ملیۆن دانیشتوهوه پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپاوە کردوە و لە هاوبەشییەکی نزیکدایە لەگەڵ ناتۆ، بە تایبەتی لە بواری هەواڵگری و هاوبەشکردنی سهربازی.