هەرێمی کوردستان و هەرێمی فلانده‌رسی بەلجیکا پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن

03:14 - 12/05/2022

763جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا لەگەڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی فلانده‌رسی بەلجیکا کۆبوەوە و رایگەیاند، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لە به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌کانی نێوان فلانده‌رس و هه‌رێمی کوردستان کردوە و هەردولا خواستی ئەوەیان هەیە پەیوەندییەکانیان زیاتر گەشەیان پێبدرێت.

کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا بەشداری بۆنەیەکی هەرێمی فلانده‌رسی بەلجیکای کرد و رایگەیاند، "خۆشحاڵبوم به‌ ئاماده‌بون له‌ بۆنه‌یه‌کی تایبه‌تی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی فلانده‌رس به‌ئاماده‌بونی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی فلانده‌رس و شاندێکی باڵای ئابوری و دیبلۆماتکاران."

سه‌رۆک وه‌زیرانیان سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانی کردوه‌
ئاماژەی بەوەشکرد، هه‌رێمی فلانده‌رس په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌ت و به‌هێزی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆک وه‌زیرانیان سه‌ردانی کوردستانی کردوه. هه‌روه‌ها جان یامبۆنی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێستا، که‌ وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تی فیدڕاڵی برۆکسل بوه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانی کردوه‌.
 خواستی ئەوەیان هەیە پەیوەندییەکانیان زیاتر گەشەیان پێبدرێت
کاروان جەمال تاهیر دەڵێت، سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی فلانده‌رس باسی یادگاریه‌کانی خۆی کردوە له‌سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ کوردستان، هاوکات خواستی زۆری به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌کانی نێوان فلانده‌رس و هه‌رێمی کوردستانی هه‌بوە.