خه‌ندان-
نزار مه‌حمود، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه (ده‌سته‌یه‌كی حه‌وت كه‌سییه و له‌دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی رێكخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن پێكهێنرا)، رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ تیمی گۆڕان له حكومه‌ت كۆبونه‌وه‌یان كردوه و دواتر بڕیاری كشانه‌وه‌یان له‌م حكومه‌ته داوه، بڕیاری كشانه‌وه‌كه له جڤاتی نیشتیمانی ده‌رچوه و ته‌نها جێبه‌جێكردنی ماوه، ده‌شڵێت، "تیمی گۆڕانیش زۆرجار لێدوانیان هه‌بوه كه جڤاتی نیشتیمانی هه‌ر بڕیارێكی هه‌بێت ئه‌وان پابه‌ندبن پێوه‌ی، كه له راستیدا ده‌بێت واشبێت، چونكه ئه‌وان ده‌بێت ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێ بكه‌ن كه جڤاتی نیشتیمانی پێیداون، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت ئه‌وان ئیشێكیان له حكومه‌ت نیه".
ده‌توانم بڵێم 90%ی كارنامه‌ی ئێمه له حكومه‌ت جێبه‌جێ نه‌كراوه
نزار مه‌حمود كه هاوكات ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، رایگه‌یاند، "له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عێراق زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی كران بۆ باسكردن له هۆكاری كه‌مكردنی ده‌نگه‌كانمان به‌وشێوه‌یه و گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه هه‌ندێك بڕیار بده‌ین، یه‌كێك له‌و بڕیارانه به‌ستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی بو، هه‌روه‌ها بڕیاردرا كه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌شداریكردن له حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین، كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ تیمی حكومه‌ت كرد و دواجار گه‌یشتینه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه پێویسته له حكومه‌تی هه‌رێم بكشێینه‌وه، چونكه له راستیدا ئێمه بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌یه‌كی چاكسازی چوین و به‌پێی رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی ده‌بو جێبه‌جێبكرایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌توانم بڵێم 90%ی كارنامه‌ی ئێمه له حكومه‌ت جێبه‌جێ نه‌كراوه، دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان له كابینه‌كانی پێشتری حكومه‌ت زۆر خراپتره، بۆیه جڤاتی نیشتیمانی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری ئه‌وه‌یدا له حكومه‌تی هه‌رێم بكشێته‌وه".
بڕیاری كشانه‌وه‌كه جێبه‌جێ ده‌كرێت
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا به‌دیاریكراوی كه‌ی له حكومه‌ت ده‌كشێنه‌وه، نزار مه‌حمود وتی، "جێبه‌جێكردنی بڕیاری كشانه‌وه له حكومه‌ت په‌یوه‌ندی به چه‌ند ژورێكی تایبه‌تمه‌نده‌وه هه‌یه له گرده‌كه و ده‌بێت ئه‌و ژورانه راپۆرتی خۆیان ئاماده‌بكه‌ن و رۆژی كشانه‌وه دیاری بكه‌ن، ئه‌گینا پێموایه ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه وه‌ستاوین و بڕیاری كشانه‌وه‌كه جێبه‌جێ ده‌كرێت".
ئه‌م حكومه‌ته نه‌یتوانیوه چاكسازی بكات
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا بابه‌تی كشانه‌وه، وه‌كو فشارێك نیه بۆ سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان، تاوه‌كو ئه‌و پۆستانه‌ی دیكه كه گۆڕان له حكومه‌ت وه‌ری نه‌گرتوه، وه‌ریبگرێت؟، به‌رپرسه باڵاكه‌ی گۆڕان وتی، "ئێمه چه‌ند مانگێكه ئه‌و بڕیاره‌مان داوه، به‌ڵام باسمان نه‌كردوه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو فشار به‌كارینه‌هێنین، ئێستا چاوه‌ڕوانی ژوره‌كانی بزوتنه‌وه‌كه ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی راپۆرتی خۆیان هه‌بێت له‌سه‌ری، ئه‌گینا وه‌كو فشار به‌كارمان نه‌هێناوه، له‌كاتێكدا فشاركردن بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانی خه‌ڵك كارێكی خراپ نیه، له‌راستیدا هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان و میدیاكان شاهێدی ئه‌وه‌ن كه ئه‌م حكومه‌ته نه‌یتوانیوه چاكسازی بكات، ئێستا دۆخی خه‌ڵك ده‌بینین به‌تایبه‌تی كه‌من له هه‌ڵه‌بجه‌م هه‌ندێك هێشتا موچه‌ی مانگی سێیان وه‌رنه‌گرتوه، له‌داموده‌زگاكانی حكومه‌تیشدا خزمه‌تگوزاری نه‌ماوه، ئه‌مانه به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته نه‌یتوانیوه هه‌نگاوی باش بنێت و خزمه‌تی خه‌ڵك بكات، بۆیه به‌م دۆخه‌وه مانه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌ت مانایه‌كی وای نابێت".
وه‌زیره‌كانی ئێمه هیچكامیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیان نه‌ڕۆشتون
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌گه‌ڵ تیمی گۆڕان له حكومه‌ت كۆبونه‌وه‌مان كردوه و دواتر بڕیاری كشانه‌وه‌مان داوه، بڕیاری كشانه‌وه‌كه له جڤاتی نیشتیمانی ده‌رچوه و تیمی گۆڕانیش زۆرجار لێدوانیان هه‌بوه كه جڤاتی نیشتیمانی هه‌ر بڕیارێكی هه‌بێت ئه‌وان پابه‌ندبن پێوه‌ی، كه له راستیدا ده‌بێت واشبێت، چونكه ئه‌وان ده‌بێت ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێ بكه‌ن كه جڤاتی نیشتیمانی پێیداون، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت ئه‌وان ئیشێكیان له حكومه‌ت نیه، ئێمه هیچ گله‌ییه‌كمان له‌و براده‌رانه‌ی خۆمان له حكومه‌ت نیه، ده‌توانین بڵێین له باشترین وه‌زیره‌كانن و هه‌وڵی زۆریانداوه بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی چاكسازی و ده‌توانم بڵێم رۆژانه به به‌رده‌وامی شه‌ڕیانه ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێ بكرێت، چونكه وه‌زیره‌كانی ئێمه هیچكامیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیان نه‌ڕۆشتون".
ئێمه به‌ڕێژه‌ی 12% به‌شداریمان له‌و حكومه‌ته‌دا كردوه
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئه‌وان رازیین له ئه‌دای وه‌زیره‌كانی خۆیان له حكومه‌ت؟ نزار مه‌حمود وتی، "به‌ڵێ به تاكید ئێمه رازیین له وه‌زیره‌كانی خۆمان، ده‌توانم بڵێم ئه‌وان له باشترین وه‌زیره‌كانی حكومه‌تن و كاری باشیان كردوه و هه‌وڵی باشیان داوه بۆ جێبه‌جێكردنی چاكسازی، به‌ڵام ئه‌وان له چوارچێوه‌ی حكومه‌تێكدا كاریان كردوه كه هه‌مو شتێك نین تیایدا و ئێمه به‌ڕێژه‌ی 12% به‌شداریمان له‌و حكومه‌ته‌دا كردوه".
داهات نه تەنها له سلێمانی كێشه‌ی نیه به‌ڵكو له دهۆك و هه‌ولێریش به‌ته‌واوی ناگه‌ڕێته‌وه
په‌یوه‌ست به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی سێ، به‌تایبه‌ت كه وه‌زیری دارایی و ئابوری له پشكی گۆڕان، ئه‌ندامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕان وتی، "بڕیاری كشانه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌ت له‌و كێشانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، ئێمه وه‌زیری داراییمان هه‌یه و زۆر به دڵسۆزانه ده‌یه‌وێت هه‌مو داهاته‌كان بگه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌ت، له‌كاتێكدا داهات نه تەنها له سلێمانی كێشه‌ی نیه به‌ڵكو له دهۆك و هه‌ولێریش به‌ته‌واوی ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو داهاته‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ یه‌كێتی و پارتی و هه‌ردولایه‌ن به‌پێی رێككه‌وتنێك كه كردویانه دابه‌شی ده‌كه‌ن، كه 43% داهاتی سلێمانی و 57%ی داهاتی هه‌ولێر و دهۆكیش بۆ موچه ته‌رخانده‌كرێت كه ئه‌مه ناكاته حكومه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی به‌ڵكو ده‌كاته دوئیداره‌یی، له‌ڕوی داراییه‌وه بوه‌ته دو ئیداره و پاره‌كه له‌لای دوحزبی سیاسییه و خێر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، نه‌وتیش ده‌فرۆشن و به‌هه‌رنرخێك بێت مانگه هه‌ر 350 ملیۆن دۆلار ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی نیگه‌رانییه و ئه‌و نیگه‌رانییه وایكردوه كه جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری له‌و شێوه‌یه بدات".
حكومه‌تی هه‌رێم خۆی هه‌ر سه‌ركه‌وتو نیه و وه‌زیری دارایش سه‌ركه‌وتو نه‌بوه
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ئایا پێیانوایه كه وه‌زیری دارایی و ئابوری سه‌ركه‌وتو نه‌بوه له كۆكردنه‌وه‌ی هه‌مو داهاته‌كان له خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، نزار مه‌حمود وتی، "حكومه‌تی هه‌رێم خۆی هه‌ر سه‌ركه‌وتو نیه و وه‌زیری دارایش سه‌ركه‌وتو نه‌بوه له كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كان و پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتون كه هه‌ر پارێزگایه‌ك به بڕێك به‌شداربێت له ته‌واوكاری پاره‌ی موچه، ئێمه‌ش به چوار وه‌زیره‌وه ناتوانین سیاسه‌تیی كابینه‌كه چاكبكه‌ین، هه‌وڵی زۆریش دراوه و وه‌زیره‌كانی ئێمه كاری زۆریان كردوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه دۆخه‌كه به‌وجۆره‌یه كه هه‌موان ده‌یبینین".
به‌ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه له‌مانگی شه‌شدا كۆنفرانس ده‌كه‌ین
په‌یوه‌ست به كۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان، نزار مه‌حمود ده‌ڵێت، "له‌دوای ئه‌وه‌ی نه‌مانتوانی هیچ كورسییه‌ك به‌ده‌ستبهێنین له په‌رله‌مانی عێراق، گه‌یشتینه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه پێویستیمان به گۆڕانكاری هه‌یه و پێویسته كۆنفراس بكه‌ین و به‌خۆماندا بچینه‌وه و هه‌روه‌ها به‌رنامه‌یه‌كی تێر‌و ته‌سه‌ل دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له ئاینده‌دا به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه كاربكه‌ین، چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه و ده‌بێت راپۆرته‌كانی خۆیان ته‌واوبكه‌ن و پێموایه تا كۆتایی ئه‌م مانگه هه‌مو راپۆرته‌كان ته‌واو ده‌بێت و ته‌نها ئه‌وه ده‌مێنێت رۆژی كۆنفراس دیاریبكه‌ین و به‌ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه له‌مانگی شه‌شدا كۆنفرانس ده‌كه‌ین".
زۆرینه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان رێكخه‌ر هه‌بێت و دو جێگریشی بۆ دابنرێت
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "هه‌مو گۆڕانكاریه‌ك له‌ناو كۆنفرانسی نیشتیمانی له ده‌ستور و هه‌یكه‌لیه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ردنی گفتوگۆ ده‌كرێت، ره‌نگه ده‌ستكاری هه‌یكه‌لیه‌تی گۆڕان بكرێت، ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئایا چۆن ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت، به‌ڵام كاریش له‌سه‌ر به‌رنامه سیاسییه‌كه‌ی ده‌كرێت، بژارده‌ش هه‌یه بۆ ده‌ستكاریكردنی هه‌یكه‌لی گۆڕان، هه‌ندێك كه‌س پێیوایه خانه‌ی راپه‌ڕاندن نه‌مێنێت ته‌نها رێكخه‌ر و دو جێگری هه‌بێت، هه‌ندێكیش پێیان وایه باشتره وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه یان فراوانتر بكرێت، به‌ڵام زۆرینه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان رێكخه‌ر هه‌بێت و دو جێگریشی بۆ دابنرێت، ئه‌وبابه‌ته دواجار له كۆنفرانس یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه".
بڕیاریشیان داوه كه خۆیان هه‌ڵنه‌بژێرنه‌وه به‌ڵام وتویان كه هاوكار و هه‌ماهه‌نگ ده‌بن
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا رێكخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن كه ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه رۆڵیان چیه له‌ئێستادا له‌ناو گۆڕان؟ نزار مه‌حمود وتی، "خۆت ئه‌زانی ئه‌وان هه‌مویان كادیر و هه‌ڵسوڕاو و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بون و چه‌ند ساڵێكه له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا كاریان كردوه، به‌ڵام ئه‌وان به‌بێ هیچ زۆرلێكردن و هیچ فشارێك ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه و وتیان ده‌مانه‌وێت ئه‌و شكسته بخه‌ینه ئه‌ستۆی خۆمان، ئه‌وه جێگه‌ی ده‌ستخۆشی بو، له‌ناوچه‌كه‌ی ئێمه نمونه‌ی له‌وه نیه كه به‌رپرسێك دانبه‌وه‌دا بنێت كه بڵێت ئه‌و شكسته ده‌خه‌مه ئه‌ستۆی خۆم، به‌ڵكو هه‌موان به شه‌رعی یان ناشه‌رعی شه‌ڕی مانه‌وه ده‌كه‌ن، بڕیاریشیان داوه كه خۆیان هه‌ڵنه‌بژێرنه‌وه به‌ڵام وتویان كه هاوكار و هه‌ماهه‌نگ ده‌بن".
كوڕه‌كانی كاك نه‌وشیروان هاوكارن و ده‌توانن هاوكاری گۆڕان بكه‌ن
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا رۆڵی كوڕانی نه‌وشیروان مسته‌فا چیه له ئێستا له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا؟ نزار مه‌حمود وتی، "ده‌توانم بڵێم بێویژدانی هه‌یه له‌و بابه‌ته‌دا، چونكه كوڕه‌كانی كاك نه‌وشیروان له‌وه‌ته‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دروستبوه ئه‌وانیش له‌ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ن، به‌ڵام هیچ لێپرسراوێتییهكیان له‌ناو گۆڕان نیه، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم كه چه‌ند ساڵێكه ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانیم تا ئێستا هیچ كاریگه‌ری و رۆڵێكیانم نه‌بینیوه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیارێك ده‌ربچێت كه پێیان خۆشه، به‌ڵام ئه‌وان هاوكارن و ده‌توانن هاوكاری گۆڕان بكه‌ن و چیان پێبكرێت له خزمه‌تی بزوتنه‌وه‌كه‌دا بن و ئه‌وان كێشه و گرفت نین بۆ گۆڕان، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌و بابه‌ته گه‌وره كراوه له‌ناو خه‌ڵكدا كه گوایه بڕیاره‌كان ئه‌وان ده‌یده‌ن یان ده‌یانه‌وێت به‌وشێوه‌یه بێت، زۆرجار ره‌نگه بڕیار له جڤاتی نیشتیمانی درابێت ره‌نگه به دڵی رێكخهریش و كوڕانی كاك نه‌وشیروان نه‌بوبێت".
ره‌نگه هه‌ندێك گۆڕانكاری كرابێت كه ره‌نگه خانه نه‌مێنێت
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا كێ ده‌بێته رێكخه‌ری گشتی گۆڕان؟ ئه‌ندامه‌كه جڤاتی نیشتیمانی رونیكرده‌وه، "تا ئێستا به‌هیچ جۆرێك قسه له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كراوه كه كێ ببێته رێكخه‌ری گۆڕان، ره‌نگه به‌هۆی عاتفییه‌وه هه‌ندێك كه‌س پێی خۆش بێت كه كوڕی كاك نه‌وشیروان بێت یان هه‌ندێك كه‌س پێی باش بێت هه‌ر كاك عومه‌ر سه‌ید عه‌لی بێت، به‌ڵام وه‌كو فه‌رمی تاوه‌كو ئێستا كه لیژنه‌كان كۆبونه‌ته‌وه باسی رێكخه‌ری نه‌كراوه، چونكه ئێمه كاری له‌پێشینه‌مان كۆنفرانسی نیشتیمانیه و له‌دوای كۆنفرانس هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی ده‌كه‌ین و پاشان رێكخه‌ر و خانه هه‌ڵده‌بژێرین، ئه‌وكاته ره‌نگه هه‌ندێك گۆڕانكاری كرابێت كه ره‌نگه خانه نه‌مێنێت".
ئێمه هه‌موكات ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵبژاردن
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌وان ئاماده‌كاریان بۆ هه‌ڵبژاردن كردوه و پێیانوایه كه ئه‌مجاره كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستده‌هێنن، نزار مه‌حمود ده‌ڵێت، "ئێمه هه‌موكات ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵبژاردن و باوه‌ڕمانوایه له سیاسه‌تدا نزمبونه‌وه و به‌رزبونه‌وه هه‌یه ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر سه‌ركردایه‌تی ئێستای گۆڕان كه رێكاره‌كانی هه‌ستاوه بگرنه‌به‌ر ئه‌وكاته ده‌توانین سه‌ركه‌وتنی باش به‌ده‌ستبهێنین و پێشموایه ده‌توانین ئه‌وه بكه‌ین، تا ئێستاش له مه‌یدانه‌كه هیچ حزبێك نابینین كه به‌دیلی گۆڕان بێت".