عەلی حەمە ساڵح: بۆ چارەسەری کێشەی داهات، دەبێت باج و گومرگ بەئەلیکترۆنی بکرێن

10:17 - 11/05/2022

1004جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەم کاتەدا داهاتی نەوت، ناوخۆ و 200 ملیارەکەی بەغداش لەبەڕێژەیەکی جێگیر لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا دابەشدەکرێن، ئەوەش جێبەجێکردنی دو ئیدارەییە نەک لامەرکەزی بۆیە پێشنیاز دەکات سەرجەم داهاتی ناوخۆ، باج و گومرگ لە پارێزگاکانی هەرێم بەئەلیکترۆنی بکرێن و داهاتەکانیان بچێتەوە خەزێنەی حکومەت.

هەولێر و سلێمانی دەبێت لە داهاتی ناوخۆ تەواوکاری موچە دابین بکەن
عەلی حەمە ساڵح لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەشکرد، مانگی رابردو 326 ملیار دینار کە دەکاتە 62%ی داهاتی نەوت بۆ هەولێر و دهۆک خەرج کراوە، هەروەها 200 ملیار دینار کە دەکاتە 38%ی داهاتی نەوت بۆ سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین خەرج کراوە، بە هەمان شێوە هەولێر و سلێمانی دەبێت لە داهاتی ناوخۆ تەواوکاری موچە دابین بکەن.
31000 کۆمپانیا لە کوردستان هەیە، لەو ژمارەیەش 3000 بۆ 4000 هەزاریان لە سلێمانین
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوازە بەردەوام بێت مەترسی ئەوە هەیە لە هاویندا کێشەی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزاری زیاتر سەرهەڵبدەن، چونکە دادپەروەری نیە لەکۆکردنەوەی داهاتی نێوان هەولێر و سلێمانی بەراود بکرێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە جوڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەولێر و دهۆک زیاترە، بۆ نمونە لە داهاتی باجی کۆمپانیاکان کە بەگوێرەی دوایین ئامار 31000 کۆمپانیا لە کوردستان هەیە، لەو ژمارەیەش 3000 بۆ 4000 هەزار کۆمپانیایان لە سنوری سلێمانین، بۆیە ناکرێت باس لەوە بکرێت بۆچی ئەو داهاتە لە هەولێر زۆرە و لەسلێمانی کەم بوە.
سەرجەم داهاتی ناوخۆ، باج و گومرگ لە پارێزگاکانی هەرێم بەئەلیکترۆنی بکرێن 
عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، وەک چارەسەری کێشەی داهات و موچەی فەرمانبەرانی سنوری سلێمانی، پێشنیاز دەکات سەرجەم داهاتی ناوخۆ، باج و گومرگ لە پارێزگاکانی هەرێم بەئەلیکترۆنی بکرێن و داهاتەکانیان بچێتەوە خەزێنەی حکومەت.

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم