هەواڵی ئەمڕۆ

بە هەوڵی سەرۆک بەرهەم، زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەفەرمی دەناسێنرێت

07:03 - 11/05/2022

2455جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپارد رێکارە یاساییەکانی تایبەت بە بەفەرمی ناساندنی زانکۆی گەرمیان تەواو بکەن و ئەگەر هەر گرفتێکیش هەبێت لەبەردەم ئەو بابەتە، بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان و لەماوەیەکی نزیکدا چارەسەر بکرێن.

بۆ بە فەرمی ناساندنی زانکۆی گەرمیان، سەردانی سەرۆک کۆمارمان کرد
کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ سۆزان مەنسوڕ، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق سەردانی د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقییان کرد بەمەبەستی بەدواداچون بۆ پرسی بە فەرمی ناساندنی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. 
داننان بە زانکۆی گەرمیان پێویستی بەرەزامەندی ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران هەیە
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق راپۆرتی خۆی لەسەر زانکۆی گەرمیان ئامادە کردوە و جەختی لەوە کردوەتەوە کە زانکۆکە هەمو مەرجە زانستییەکانی تێدایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆلێژێکی سەر بە زانکۆی گەرمیان لە قەزای خانەقین هەیە، خوێندنی باڵای عێراقیش باوەڕی وایە ئەو ناوچەیە کێشەلەسەرە و تەنها دەبێت زانکۆکانی عێراق لەو شوێنانە بن، بۆیە بۆ داننان بە زانکۆکە داوای رەزامەندی ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی کردوە.
سەرۆک بەرهەم ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپارد رێکارەکان تەواو بکەن
پەیوەست بە رۆڵی سەرۆک بەرهەمیش بۆ فەرمی ناساندنی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کاروان یاروەیس وتی، "جەنابی سەرۆک کۆمار پێشوتریش لە پرسەکە ئاگادار بوە و ئەمڕۆش کە سەردانمان کرد، سەرۆک کۆماری عێراق پەیوەندی بە حەمید غەزی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران کرد و رایسپارد کە هەمو رێکارە یاساییەکان تەواو بکەن بۆ ئەوەی بەفەرمی دان بە زانکۆی گەرمیان بنرێت".
سەردانی ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین
ئەوەشی خستەڕو، لەماوەی رۆژانی داهاتودا بە هەوڵی سەرۆک کۆمار سەردانی ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن و لە بەدواداچون بۆ ئەو پرسە بەردەوام دەبن.