خەندان-
ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، کوژرانی شیرین ئەبو عاقیلە، پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل ئاستی "دەستی تیرۆر و داگیرکاری هێزەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر گەلی فەڵەستین نیشان دەدات"، بۆیە سەرکۆنەی روداوەکە دەکات.
روداوەکە ئاماژەیەکی رونە لەسەر دەستی تیرۆر و داگیرکاری ئیسرائیل
سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی لەبارەی کوژرانی پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی، روداوەکە جێگەی نیگەرانییە و ئاماژەیەکی رونە بۆ "دەستی تیرۆر و داگیرکاری ئیسرائیل لەسەر ژیانی رۆژنامەنوس، مرۆڤ و هاوڵاتی مەسیحی شیرین ئەبو عاقیلە".
بۆ جیهان ئاستی ستەمکاری بەرامبەر گەلی فەڵەستین رون دەکاتەوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، روداوەکە سەرکۆنە دەکات و باوەڕی وایە کوژرانی ئەو رۆژنامەنوسە بەشێکە لە زنجیرە "دەستدرێژییەکانی داگیرکار (ئیسرائیل) لەسەر مزگەوتی قودس و شوێنەکانی دیکە، ئەوەش بۆ جیهان ئاستی ستەمکاری بەرامبەر گەلی فەڵەستین رون دەکاتەوە".
بەیانی ئەمڕۆ رۆژنامەنوسی دیاری عەرەب و پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە لە ئیسرائیل شیرین ئەبو عاقیلە، لەکاتی روماڵکردنی رۆژنامەوانی گەمارۆدانی کەمپی جنین کوژرا.