هەواڵی ئەمڕۆ

سەرۆک بەرھەم: دۆسیه‌ی ئاو بنەمایەکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانییە و بكرێته‌ كاری له‌پێشینە

02:56 - 09/05/2022

1250جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سەرۆک بەرھەم رایگه‌یاند، دۆسیه‌ی ئاو بنەمایەکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانییە و پێویستە بەشە ئاوی عێراق  پارێزراوبێت و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بکرێتە کاری لە پێشینە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دوشەممە (9 ئایاری 2022) لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە مەهدی رەشید، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان و گفتوگۆکرا لەبارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاو لە وڵات و دابەزینی ئاستی ئاو لە روبارەکانی دیجلە و فورات.

 پێویستە دۆسیه‌ی ئاو بکرێتە پێشینەی سەرەکی کارەکان وەک یەکێک لە بنەماکانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە، پێویستە دۆسیه‌ی ئاو بکرێتە پێشینەی سەرەکی کارەکان وەک یەکێک لە بنەماکانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ھەروەھا باسی لەپێویستی پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرد بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندی ئاو لەسەر بنەماکانی دراوسێیەتی باش و رەچاوکردنی بەرژەوەندی ھاوبەش و زیان نەگەیاندن بە عێراق، ھاوکات ستایشی ھەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی کرد لەو بارەیەوە.

 سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بەپێویستی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و کانیاو و نوێژەنکردنەوەی بەنداوەکان و پەرەپێدانی پلانە ستراتیژییەکان

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بەپێویستی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و کانیاو و نوێژەنکردنەوەی بەنداوەکان و پەرەپێدانی پلانە ستراتیژییەکان کە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت هاوبەشی تێدا بکەن بەهەماهەنگی لەگەڵ شارەزایانی نێودەوڵەتی لە پێناو روبەڕوبونەوەی قەیرانی وشکەساڵی و بە بیابان بون و گۆڕانی کەشوھەوا، بەتایبەتی کە لە ئێستادا بوەتە قەیرانێکی جیھانی و بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە گیرۆدەی بون لە نێویاندا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ھەروەھا دوپاتیکردەوە لەگرنگی بوژاندنەوەی خاکی میزۆپۆتامیا.

لای خۆیەوە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان سەبارەت بە دۆخی ئاو لە وڵات و پلانی چارەسەرکردنی ئەو ئاڵینگارییانەی کە روبەڕوی دۆسیەی ئاو دەبێتەوە بەتایبەتی دابەزینی ئاستی ئاوی باران بۆ وەرزی ئێستا و قەیرانی وشکەساڵی و دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە بارەی بەشە ئاوی عێراق بۆ سەرۆک کۆمار خستەڕو.

No description available.

No description available.