هەواڵی ئەمڕۆ

سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا و خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا سه‌ردانی ئۆكرانیا ده‌كه‌ن

06:10 - 08/05/2022

2696جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

جێڵ بایدن، خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، له‌ پێناو به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی دایكانی ئۆكرانیا سه‌ردانی سنوره‌كانی نزیك له‌ ئۆكرانیای كردوه‌ و له‌گه‌ڵ ئڵینا زلێنیسكی، خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا رۆژی دایكانیان له‌ دایكانی ئۆكرانیا پیرۆز كرد، هه‌روه‌ها جه‌ستن ترودۆو، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا بڕیاریداوه‌ سه‌ردانی ئۆكرانیا بكات و له‌ نزیكه‌وه‌ چاوی به‌ ڤۆڵۆدمیر زلێنیسكی، سه‌رۆكی ئەو وڵاتە بكه‌وێت.

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Sky News، جێڵ بایدن، خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ سلۆڤاكیا و نزیك له‌ سنوره‌كانی ئۆكرانیا رایگه‌یاندوه‌، بڕیاریداوه‌ وه‌ك پاڵپشتیه‌ك بۆ ته‌واوی ئه‌و دایكانه‌ی له‌ ئۆكرانیا به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌ فرمێسكه‌كانیان رژاوه‌ سه‌ردانی كیێڤ بكات.

ئه‌مڕۆ سه‌ردانی سلۆڤاكیام كرد تا چاوم به‌ ئڵینا زلێنیسكی، خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا بكه‌وێت
وتیشی، "ئه‌مڕۆ سه‌ردانی سلۆڤاكیام كرد تا چاوم به‌ ئڵینا زلێنیسكی، خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا بكه‌وێت و پێكه‌وه‌ سه‌ردانی ئه‌و دایكانه‌ بكه‌ین كه‌ به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌ رۆڵه‌كانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و خاكی وڵاته‌كه‌ی خۆیانیان جێهێشتوه‌".
پێمان باشبو یادی رۆژی دایكان له‌ ته‌واوی دایكانی ئۆكرانیا پیرۆز بكه‌ین و پێیان رابگه‌ینین كه‌ ده‌بێت ئه‌م جه‌نگه‌ بێ پاساوه‌ بوه‌ستێندرێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "پێمان باشبو یادی رۆژی دایكان له‌ ته‌واوی دایكانی ئۆكرانیا پیرۆز بكه‌ین و پێیان رابگه‌ینین كه‌ ده‌بێت ئه‌م جه‌نگه‌ بێ پاساوه‌ بوه‌ستێندرێت، له‌وه‌ش دڵنیایان بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ته‌واوی ئه‌مریكا و هاوڵاتیانی پشتگیری خۆیانیان بۆ ئۆكرانیا دوپات ده‌كه‌نه‌وه‌".
دڵی هه‌مو ئه‌مریكییه‌كان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیادایه‌
خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "دڵی هه‌مو ئه‌مریكییه‌كان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیادایه‌ و پێكه‌وه‌ ئه‌م گێژاوه‌ تێده‌په‌ڕێنین".
له‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ردانه‌ی خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا باش تێده‌گه‌ین و سوپاسگوزارین، چونكه‌ مه‌ترسییه‌كانی جه‌نگ و بۆردومانكردن كۆتایان نه‌هاتوه‌
له‌ باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی جێڵ بایدن-ه‌وه‌ خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا رایگه‌یاند،  ئه‌وه‌ی خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا كردی هه‌نگاوێكی بوێرانه‌بو، له‌ گرنگی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ لای هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌مان تێده‌گه‌ین، له‌ مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و سه‌ردانه‌یان باش تێده‌گه‌ین و سوپاسگوزارین، چونكه‌ مه‌ترسییه‌كانی جه‌نگ و بۆردومانكردن كۆتایان نه‌هاتوه‌".
جه‌ستن ترودۆو، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا رایگه‌یاند، بڕیاریداوه‌ سه‌ردانی ئۆكرانیا و شارۆچكه‌ی ئیپرین به‌تایبه‌ت بكات

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ جه‌ستن ترودۆو، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا رایگه‌یاند، بڕیاریداوه‌ سه‌ردانی ئۆكرانیا و شارۆچكه‌ی ئیپرین به‌تایبه‌ت بكات و له‌ نزیكه‌وه‌ چاوی به‌ ڤۆڵۆدمیر زلێنیسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا بكه‌وێت و له‌ باره‌ی دواین پێشهات و پێداویستییه‌كانی هێزه‌كانی ئۆكرانیا  له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئۆكرانیا كۆببێته‌وه‌.