هەواڵی ئەمڕۆ

توێژه‌رێكی كورد: تا دێت فشاره‌كان له‌ به‌رامبه‌ر دۆخی چه‌قبه‌ستوی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق زیاتر ده‌بن

08:25 - 28/04/2022

2558جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دكتۆر یه‌ریڤان سه‌عید، توێژەر لە پەیمانگای وڵاتانی كەنداو لە واشنتن كە توێژینەوە و وتارەكانی له به‌شێكی ڕۆژنامه‌ و كه‌ناڵه‌ نێوده‌وڵه‌تیەكانی بریتانیا و ئه‌مریكا بڵاودەكاتەوە، له‌ وتارێكدا بۆ په‌یمانگای ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو له‌ واشنتن رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌ی 7 (حه‌وت) مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا تێپه‌ڕیوه‌ و تا ئێستا هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بونی نییه‌، ده‌شڵێت، "بڕیار بە دەستانی عێراق هیچ کات دودڵ نەبون لە چەماندنەوەی دەستور بۆ بە دیهێنانی ئامانجە سیاسیەکانیان.".

 

دكتۆر یه‌ریڤان سه‌عید، له‌وتارێكدا كه‌ له‌ پێگه‌ی فه‌رمی پەیمانگای وڵاتانی كەنداو لە واشنتن بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ نوسیویه‌تی، "له‌ ئێستادا شه‌پۆلی سیاسی عێراق بۆ دو به‌ره‌ دابه‌شبوه‌، به‌ره‌یه‌كیان پێكهاته‌ شیعییه‌كان رابه‌رایه‌تی ده‌كات به‌ 190 (سه‌د و نه‌وه‌د) ئه‌ندام په‌رله‌مان كه‌ هاوپه‌یمانێتی رزگاری نیشتمانیان دروستكردوه‌ و پیێكهاتون له‌ (ره‌وتی سه‌در و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانی ساده‌) به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ش كه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه له‌ 130 (سه‌د و سی) په‌رله‌مانتار پێكهاتوه ئەوانیش ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا، یه‌كێتيی نیشتیمانيی كوردستان و هه‌ندێكی تر له‌و لایه‌نه‌ كوردانه‌ن كه‌ نایانه‌وێت پشتگیری له‌ ئه‌جێنداكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ رێگه‌ به‌ ته‌واوكردنی نیسابی یاسایی بۆ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار ناده‌ن، بۆیه‌ ئه‌م گێژاوه‌ سیاسیه‌ تا ئێستا به‌ چه‌قبه‌ستوی ماوه‌ته‌وه‌".

تا دێت فشار بۆسه‌ر رێكه‌وتنی نێوان كورد، سوننه‌ و شیعه‌كان زياتر ده‌بێت و درز ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی كه‌ له‌ساڵی 2003وه‌ كاری پێده‌كرێت
باسی له‌وه‌شكردوه‌، "به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێكه‌وتنی نا فه‌رمی پێكهێنانی سێ جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كی ده‌سه‌ڵات بۆ ساڵی 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد، سه‌رۆك وه‌زیران بۆ شیعه‌كان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش بۆ سوننه‌كان بێت، كار ئاسانییه‌كی زۆری بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵات كردبو، به‌ڵام به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی و حزبایه‌تییه‌وه‌ تا دێت فشار بۆسه‌ر رێكه‌وتنی نێوان كورد، سوننه‌ و شیعه‌كان زياتر ده‌بێت و درز ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی كه‌ له‌ساڵی 2003وه‌ كاری پێده‌كرێت".
به‌شی هه‌ره‌ زۆری چاودێران پێشنیاری دوباره‌كردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن یاخود پێكهێنانی ئیئتیلافی جياوازیان كرد كه‌ دژی سروشتی پێكهێنانی حكومه‌تی تائیفی و سیاسه‌تی حكومڕانی پێشوی عێراقه‌
دكتۆر یه‌ریڤان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕو، "زۆربەی چاودێران پرۆسەی هەڵبژرادنەکان و هاوپیەمانێتیه‌کانیان بە دەرچون لە هاوپەیمانێتی و تائیفی و ئێسنێکی سیاسەت لە عێراقدا دادەنێن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ فریادره‌سێك بۆ ده‌رچون له‌م گێژاوه‌،  بەڵام لە راستیادا ئەم هاوپەیمانە نوێیانە لە بڕوای سەرکردە عێراقیەکانەوە نەبوە بۆ دروستکردنی حکومەتێکی تێکنۆکرات کە وەڵامدەرەوەی داواکاریەکانی خەڵک بێت، ته‌نانه‌ت پشكپشكێنه‌ و به‌شكردنی خێر و بێره‌كان بونەته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ململانێ له‌نێوان خودى ئه‌ندامانی ناو هاوپه‌یمانێتیه‌كاندا زياتر ببێت و ببێته‌ هۆی شكانی كوتله‌كانی ناو یه‌ك هاوپه‌یمانێتی و ته‌نانه‌ت باڵی بۆ ململانێی تاكه‌كه‌سی كێشاوه‌ بۆئه‌وه‌ی هۆكاری نوێ بۆ به‌شكردنی خێرو بێره‌كان بدۆزرێته‌وه‌ و پرۆسه‌ی سیاسیش په‌كبخرێت ".
نه‌بونی لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان به‌رپرسانی یه‌كێتی و پارتی، ده‌كرێت هۆیه‌كی سه‌ره‌كی دیكه‌ بێت بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق په‌نگی خواردبێت
ئاشكراشیكردوه‌، "ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندخوازییه‌ سیاسییه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ده‌وڵه‌تێكیشدا كه‌ ته‌واوی ئامانجه‌كانی پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كبێت به‌س له‌ پێناو هاوڵاتیانیدا كار بكات هه‌ربونی ده‌بێت له‌ پێناو وه‌رگرتنی زۆرترین ده‌سه‌ڵات و پشك، به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ی كه‌ به‌شێك نین له‌م گێژاوه‌ و له‌ نێو دڵی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ هاتون پێشهاتێكی ئیجابین بۆئه‌وه‌ی رێڕه‌وی سیاسی عێراق ئاوه‌ژو بكه‌ن، له‌ چه‌ند مانگی رابردوشدا به‌ربه‌ره‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتيی نیشتیمانيی كوردستان له‌ پیێناو دیاریكردنی كاندیدێكی ديكه‌ بۆ شوێنی كاندیدی ئێستای یه‌كێتيی كه‌ سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵحه‌ هه‌ڵچونی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، نه‌بونی لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان به‌رپرسانی ئه‌م دو پارته‌ ده‌كرێت هۆیه‌كی سه‌ره‌كی دیكه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق په‌نگی خواردبێت".
ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌ چه‌قبه‌ستوی بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت چینی سیاسی چاوه‌ڕێی خۆپیشاندانی ملیۆنی بكات و دوریش نییه‌ كوشتن و دروستبونی توندوتیژی لێنه‌كه‌وێته‌وه‌
له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا دكتۆر یه‌ریڤان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، "چینی سیاسی عێراق پاش كۆتایهاتنی مانگی ره‌مه‌زان روبه‌ڕوی په‌ستانێكی زۆرده‌بنه‌وه‌ هه‌م له‌لایه‌ن گه‌ل و هه‌ميش له‌لایه‌ن دراوسی و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ش له‌ پێناو پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی وه‌رزی گه‌رماش هیچ رێگایه‌ك له‌ به‌رده‌م لایه‌نی شیعه‌دا نییه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نه‌رمی بنوێنێت له‌ پێناو پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، خۆ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌ چه‌قبه‌ستوی بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت چینی سیاسی چاوه‌ڕێی خۆپیشاندانی ملیۆنی بكات و دورنییه‌ كوشتن و دروستبونی توندوتیژی لێنه‌كه‌وێته‌وه‌".