هەواڵی ئەمڕۆ

یەکێتی و یەكگرتو: دابینكردنی موچە لە ئاستێكی زۆر خراپدایە و ئەرکی دەسەڵاتە چارەسەری بكات

05:25 - 27/04/2022

1678جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەسلێمانی کۆبونەوە و رایانگەیاند، خزمەتگوزارییەكان، بژێوی ژیان و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران لە ئاستێكی زۆر خراپدایەو دەسەڵات بەرپرسەو ئەركی سەرەكیەتی بەجدی چارەسەری بكات، چونکە ناكرێت ئەو فەرمانبەرانەی كە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی وڵات و دامودەزگاكان بەخشیوە، "بێڕێزیان بەرانبەر بكرێت و لەپێناو وەرگرتنی موچە گیان لەدەست بدەن".

نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتو لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبونی عومەر عەبدولعەزیز و مستەفا عەبدوڵا، كارگێڕانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن پێشوازییان لە حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و حامید حاجی غالید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد.

هەرێم بە قۆناغێكی بێ متمانەی سیاسی و دابڕانی لایەنە سیاسیەكاندا تێدەپەڕێت
ئەوەش هاتوە، لە دیدارێكدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەكە كراو جەختیشكرایەوە كە عێراق و هەرێم بە قۆناغێكی بێ متمانەی سیاسی و دابڕانی لایەنە سیاسیەكاندا تێدەپەڕێت، هەروەها ناكۆكی لایەنە سیاسیەكان بارودۆخەكەی گەیاندوەتە بنبەستێكی نەخوازراو كەجێی نیگەرانیە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێدەپەڕێت و تائێستا هیچ هەنگاوێكی جدی نەنراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش شاندی یەکێتی و یەکگرتو دەڵێن، پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هەمو ئەو یاساو پرسانەشی كە ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە بە ڕێككەوتن تێپەڕێندرێت.
 خزمەتگوزارییەكان و بژێوی ژیان و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران لە ئاستێكی زۆر خراپدایە
پەیوەست بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش لەراگەیەنراوەکەدا هاتوە، "جەختكرایەوە كە خزمەتگوزارییەكان و بژێوی ژیان و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران لە ئاستێكی زۆر خراپدایەو دەسەڵات بەرپرسەو ئەركی سەرەكیەتی بەجدی چارەسەری بكات، ناكرێت ئەو فەرمانبەرانەی كە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی وڵات و دامودەزگاكان بەخشیوە و خانەنشین بون لە ئێستادا بێڕێزیان بەرانبەر بكرێت لەكاتی وەرگرتنی موچەكانیان و لەپێناو وەرگرتنی موچە گیان لەدەست بدەن."