وردەکاری یەکەم بەرەنگاربونەوەی روسیا و ئەمریکا لە بۆشایی ئاسماندا

07:42 - 23/04/2022

8480جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
لەپەراوێزی جەنگی ئۆکرانیادا، روسیا و ئەمریکا روبەڕوبونەوەیەکی نوێیان هەیە، بەڵام لەدەرەوەی هەسارەی زەوی و لەبۆشایی ئاسماندا، پنتاگۆنیش گرنگی ئەم روبەڕوبونەوەیە لە وەڵامدانەوەی خێرای هێرشەکانی روسیا پوچەڵکردنەوەیان دەبینێتەوە، پلانەکانیشیان بۆ زیاتر پەرەدان بە پێداویستییەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی ئاشکرادەکات.

روسیا هەوڵیدا زیان بە مانگە دەستکردەکەی ئیلۆن ماسک بگەیەنێت

سایتی دیڤێنس نیوز،ی هەواڵی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە،"لەمانگی رابردودا روسیا هەوڵێکی زۆریدا بۆ"تەشویش"خستنە سەر مانگی دەستکردی "ستارلینک" کە ئۆکرانیای بەهێڵەکانی ئینتەرنێتەوە بەستبۆوە، بەڵام ئیلۆن ماسک دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس، کەلەرێگەی ستارلینکەوە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پێشکەش دەکات، ئینتەرنێتی بۆ ئەو وڵاتە دابینکرد و ئەو هەوڵەی روسیای شکست پێهێنا، هەر بۆیە دواتر روسیا هەوڵیدا زیان بە مانگە دەستکردەکەی ئیلۆن ماسک بگەیەنێت، بەڵام کۆمپانیاکە توانایەکی باشی لەروبەڕوبونەوەی ئەو هێرشەدا هەبوە".

 کۆدکردنی هێڵێک کە داتاکانی ستارلینک کۆدەکاتەوە بۆ ماوەیەک راگیراو و دواتر چاککرایەوە

دیڤ تریمبەر، بەڕێوەبەری جەنگی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندوە،"تەنها یەک رۆژ دوای بەدەستگەیشتنی زانیارییەکان سەبارەت بەهەوڵی تەشویش خستنە سەر مانگە دەستکردەکە، کۆدکردنی هێڵێک کە داتاکانی ستارلینک کۆدەکاتەوە بۆ ماوەیەک راگیراو و دواتر چاککرایەوە.

شارەزایانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێویستی زیاتریان بە گەشەدان و خێراکردنی وەڵامدانەوەی هێرشە کارۆموگناتیسیەکان هەیە

رونیشیکردوەتەوە،"شارەزایانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێویستی زیاتریان بە گەشەدان و خێراکردنی وەڵامدانەوەی هێرشە کارۆموگناتیسیەکان هەیە، دەکرێت حکومەتی ئەمریکا زیاتر بزانێت لەچۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکانی روسیا.
رونیشیکردوەتەوە،"حکومەت خشتەیەکی کاتی هەیە، بۆ ئەوەی رێوشوێنە پێویستیەکان بگرێتە بەر، لەئێستادا لە لێکۆڵینەوەی ئەوەدایە ئەو حاڵەتە چۆن رویدا؟، هەوڵدەدات ئەو کەموکورتیانە پڕبکاتەوە کە بوە هۆی ئەو هێرشەی روسیا، لەو چوارچێوەیەشدا گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆ دەکات".

ئێمە پێویستمان بەوەیە چۆن بتوانین دۆخی کارۆموگناتیسی خۆمان بگۆڕین

ئاماژەی بەوەشکردوە،"ئێمە پێویستمان بەوەیە چۆن بتوانین دۆخی کارۆموگناتیسی خۆمان بگۆڕین بۆ بەردەوامبون و رۆیشتن لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بەشێوەیەکی داینامیکیی، گرنگە بزانین ئەلتەرناتیڤی ئەمریکا چیە، گەر هێرشە کارۆموگناتیسییەکان بۆ سەر سیستەمی ئینتەرنێت سەرکەوتو بن.

جەنگی نوێ بەشێوەیەکی گشتی شەڕی کارۆموگناتیسییە

لەلایەکی دیکەوە، تاد کلار، ئەفسەر لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا، رایگەیاندوە، جەنگی نوێ بەشێوەیەکی گشتی شەڕی کارۆموگناتیسییە، بۆیە پێویستە ئەمریکا باشتر و داهێنانەتر بیربکاتەوە بۆ دروستکردنی کەرەستە  نوێیەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی.

 لەمەودوا نابێت نەوە نوێیەکانی سیستەمە کۆنەکان وا بە ئاسانی بکڕدرێن

جەختیشیکردوەتەوە، لەمەودوا نابێت نەوە نوێیەکانی سیستەمە کۆنەکان وا بە ئاسانی بکڕدرێن، پێویستە ئەمریکا خۆی سیستەمی نوێ دروستبکات بەشێوەیەک توانای زۆر و نەرمی و خێرایی زیاتر لەوانەی کەهەیە لەخۆی بگرێت، ئەمەش خۆی لە یەکخستنی زیرەکی دەستکرد و فێربونی دەستکرد(تعلیم الالی) لە سیستەمی نەوەی داهاتو دەبینێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی خێرا وەڵامی هێرشە کارۆموگناتسییەکان بداتەوە.

ئێستا پرۆگرامێکمان هەیە بەناوی(Compass Call)

ئاشکراشیکرد، ئێستا پرۆگرامێکمان هەیە بەناوی(Compass Call)، کەلەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە لەژێر پەرەسەندان و تاقیکردنەوەدایە، کە نمونەیەکی سەرەکییە لەسەر چۆنێتی گونجاندنی ئەندازیاری دیجیتاڵی لەگەڵ توانای جەنگی کارۆموگناتسی نوێ.

مەترسیی راستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵک دروست ناکات

جەنگی کارۆموگناتیسی، لەرێگەی چەکی کارۆموگناتیسیەوە ئەنجامدەدرێت، لە بەرزایی زۆرەوە ئاڕاستە دەکرێن، کە ئەوەش مەترسیی راستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵک دروست ناکات، بەڵام تیشکدانەوەی کارۆموگناتیسی ئەوتۆی دەبێت کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی و بڕینی تەزوی کارەبا بۆ ماوەیەکی زۆر و روخانی ژیرخانی سەربازی و مەدەنی.