هەواڵی ئەمڕۆ

سەرۆک بەرھەم و خالید بەتال جەخت لە پلانی چاکسازی ئابوری و کەمکردنەوەی هەژاری دەکەنەوە

06:14 - 20/04/2022

1957جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک بەرھەم پێشوازی لە خالید بەتال، وەزیری پلاندانانی حکومەتی فیدڕاڵ کرد و رایگەیاند، جەخت لە رۆڵی گرنگی وەزارەتی پلاندانان بۆ پەرەپێدانی پلانی چاکسازی ئابوری، کۆمەڵایەتی، کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبون، بێکاری و هەژاری دەکاتەوە.

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی نیسانی 2022 لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە خالید بەتال، وەزیری پلاندانان.

 جەخت دەکەینەوە لە رۆڵی گرنگی وەزارەتی پلاندانان بۆ پەرەپێدانی پلانی چاکسازی ئابوری
لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم ئاماژەی بەوەکرد، جەخت دەکەینەوە لە رۆڵی گرنگی وەزارەتی پلاندانان بۆ پەرەپێدانی پلانی چاکسازی ئابوری، کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان و سیاسەتی دانیشتوان لە رێگەی توێژینەوە بەپێی پێویستی ھاوڵاتیان.
 جەخت لە کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبون و بێکاری و هەژاری دەکەینەوە
ئەوەشی خستەڕو، جەخت لە ئەنجامدانی چاکسازیی لە کەرتی گشتی و تایبەت و تێپەراندنی کێشە و گرفتەکان دەکەینەوە، ھەروەھا دوپاتیدەکەینەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبون و بێکاری و هەژاری.
سەرۆک کۆمار گوێی لە وەزیری پلاندانان گرت سەبارەت بە کارەکانی وەزارەت
سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا دەڵێت، لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار گوێی لە وەزیری پلاندانان گرت سەبارەت بە کارەکانی وەزارەت، پلانی بەرزکردنەوەی ئەدای دامودەزگاکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە روبەڕوی وەزارەتەکان دەبنەوە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا.