خەندان دوایین هەوڵەکانی سەرۆک بەرهەم بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالکراوان بڵاودەکاتەوە

02:01 - 14/04/2022

3200جار خوێندراوەتەوە

سەردانی سەرۆک بەرهەم لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ بیابانی سەماوە مێژوی وێنە: (14-4-2019)

خەندان-

ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال تێپەڕێت کە به‌ هه‌شت قۆناخ ژماره‌يه‌كى زۆرى ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى گرته‌وه‌، لەو یادەدا سەرۆک بەرهەم پەیوەندی بە کەسوکاری ئەنفالکراوانەوە کرد و دڵنیایی پێدان لەچڕکردنەوە و بەردەمی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان، پەرلەمانتارێکی عێراقیش رایدەگەیەنێت، لە پاڵ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار، دەبێت رایگشتیش لەبەغدا دروستبکرێت بۆ قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.

پێویست دەکات یادی ئەنفال لەناوخۆی کوردستان بهێنرێتە دەرەوە
مەلا کەریم شکور، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، هەرچەندە لەئێستادا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باس لە قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەن، بەڵام باوەڕی وایە یەکەمجار پێویست دەکات یادی ئەنفال لەناوخۆی کوردستان بهێنرێتە دەرەوە و لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و خواروی عێراق یاد بکرێتەوە، بۆ ئەوەی رایگشتی لایەنی شیعە و سوننەش ئاگادار بێت کە چی بەسەر گەلی کورد هاتوە و هاوسۆزبن ، چونکە لەئێستادا بەشێکی زۆریان قەناعەتیان نیە بەوەی کەبەسەر کورد هاتوە.
دەبێت هەوڵ بدەین یاسایەکی تایبەت بە قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال پەسەند بکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێچەوانەوە وەک کورد لە عێراق ناتوانن مافەکانی کەسوکاری ئەنفال گەرەنتی بکەن تا هاوسۆزی شەقام و پەرلەمانتارانی دیکەی پێکهاتەی شیعە و سوننە بەلای دۆزی رەوای ئەنفالدا رانەکێشن، ئەو کات دەتوانرێت بەگوێرەی ماددەی 132ی دەستوری عێراق یاسایەکی تایبەت بە قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال پەسەند بکرێت.
سەرۆک کۆمار لە خێراکردنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕانەوەی روفاتەکان رۆڵی بینیوە
پەیوەست بە رۆڵی سەرۆک کۆماریش لە دۆسیەی ئەنفال و گەڕانەوەی روفاتەکان مەلا کەریم شکور وتی، دوای 34 ساڵ کورد تائێستا نەتوانیویەتی وەک پێویست روفاتەکان بهێنێتەوە کە تائێستا لەنزیکەی 2000 روفات تێنەپەڕیوە، نەتوانراویشە قەرەبوی کەسوکاری ئەنفال بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک کۆمار لە خێراکردنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕانەوەی روفاتەکان رۆڵی بینیوە، باوەڕیشی وایە باشترین گەرەنتی بۆ کورد ئەوەیە بەیاسا قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال جێگیربکرێت نەک تەنها پەیام و داواکاری بڵاوبکرێتەوە.
هەمیشە خەمت ئەوە بوە کە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان رازی بکەیت
دوێنێ هاوار داودی، مامۆستایی ئاینیی و یەکێک لە ئەندامانی ئەو شاندەی کەسوکاری ئەنفال کە سەردانی پارێزگای سەماوەیان کردوە بۆ داوای خێراترکردنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕانەوەی روفاتەکانیان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق باسی لەوەکرد، "کەسوکاری ئێمە لە بیابانەکانی سەماوە کەسوکاری جەنابتن و دڵنیام لەئێمە زیاتر خەمیان دەخۆی، لەو پلە و پێگەیەشدا هەمیشە خەمت ئەوە بوە کە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان رازی بکەیت".
ئومێدی زیاترمان بە جەنابت هەیە بۆ ئەوەی هەوڵی جددی و زیاتر بدەیت بۆ گەڕانەوەی روفاتەکان
لەبارەی خواستی کەسوکاری ئەنفالیش مامۆستا هاوار داوا لە سەرۆک بەرهەم دەکات هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ گەڕانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان و دەڵێت، "ئێمە لەمەولا ئومێدی زیاترمان بە جەنابت هەیە بۆ ئەوەی هەوڵی جددی و زیاتر بدەیت بۆ گەڕانەوەی روفاتەکان، چونکە یەکێک لەو هۆکارانەی وای لە ئێمە کرد بێین لێرە لە سەماوە یادی ئەنفال بکەینەوە، نەگەڕانەوەی روفاتەکانیان بوە".
هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ گەڕانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆک بەرهەم رایگەیاند، لەماوەی رابردودا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ گەڕانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان و هۆکاری بەسستی بەڕێوەچونی پرۆسەکەش ئەوەیە، هەندێک رێکاری کرداری و زانستی پێویستە، تائێستاش کۆمەڵێکی زۆر لە روفاتەکان گەڕاونەتەوە بەڵام کاری دیکەی زۆریش ماون بەتایبەت کە ئەو پرسە پێویستی بە رێکاری یاساییش هەیە.
ئەوانە کەسوکاری خۆمانن و کەمتەرخەمی بەرامبەریان ناکەین
دوپاتیشیکردەوە، لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت دەبێت بۆ گەڕانەوەی هەرچی زوتری روفاتەکان و تەواوکردنی رێکارە زانستی و یاساییەکان، وتیشی، "ئەوانە کەسوکاری خۆمانن و ناسنامەی نەتەوەکەمانن، بۆیە کەمتەرخەمی بەرامبەریان ناکەین".