خەندان-
سەرۆک بەرهەم بۆ ساڵیادی شەهیدبونی محەمەد باقر سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شانازی بەو هەڵوێستەوە دەکات کە لەپێناویدا شەهیدبوە و ئەمڕۆ هەموان پێویستییان بە هەمان سیاسەتی شەهید سەدر هەیە بۆ بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی وڵات، کە بریتییە لە یەکخستنی وتە و هەڵوێستەکان بۆ بونیاتنانی عێراقێکی ئازاد و رێزلێگیراو.
شانازی بەو هەڵوێستەوە دەکەین کە لەپێناویدا شەهیدبوە
د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ساڵیادی شەهیدبونی محەمەد باقر سەدردا، شانازی بەو هەڵوێستەوە دەکات کە لەپێناوی شەهیدبوە و دوایین پەیامیشی بەبیر دەهێنێتەوە کە ئەمڕۆ پێویستییەکە بۆ هەموان.
هەموان هەست بکەن کە بەشدارن لەڕابەرایەتیکردنی وڵاتەکەیان و بونیاتنانی نیشتمانەکەیان
سەرۆک بەرهەم دەقی دوایین پەیامی محەمەد باقر سەدری بڵاوکردوەتەوە کە ئاڕاستەی هاوڵاتیانی عێراقی کردوە و دەڵێت، "وشەکانتان یەکبخەن بۆ بونیاتنانی عێراقێکی ئازاد و رێزلێگیراو، کە هاوڵاتیانی هەمو نەتەوەو مەزهەبە جیاوازەکان هەست بەبرایەتی بکەن، هەروەها هەموان هەست بکەن کە بەشدارن لەڕابەرایەتیکردنی وڵاتەکەیان و بونیاتنانی نیشتمانەکەیان".