هەواڵی ئەمڕۆ

سه‌ردانه‌كه‌ی حه‌لبوسی بۆ ئێران دواخرا

07:35 - 26/03/2022

3611جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ی بۆ تاران بۆ كاتێكی نادیار دواخست و هۆكاره‌كه‌شی بۆ دۆخی ته‌ندروستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران و پابه‌ندبونی په‌رله‌مانی و ده‌ستوری هه‌ردولا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، هه‌مو لایه‌ك ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌، سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دواخرا كه‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی محه‌مه‌د باقر قالیباف هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی بو، به‌هۆی دوا پێشهاته‌كان و پابه‌ندبونی په‌رله‌مانی و ده‌ستوری هه‌ردولا، له‌گه‌ڵ باری ته‌ندروستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران.

بڕیاربو محه‌مه‌د حه‌لبوسی سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ سه‌ردانی ئێران بكات

پێشتر نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڵاویكرده‌وه‌، بڕیاره‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 27ی (ئادار/3)ی 2022 محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ یاوه‌ری شاندێكی په‌رله‌مان سه‌ردانی تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، سه‌ردانه‌كه‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی محه‌مه‌د باقر قالیباف سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئیسلامی ئێران ئه‌نجامده‌درێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبو، له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌، محه‌مه‌د حه‌لبوسی چاوی ده‌كه‌وێت به‌ ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته‌.

نیشانەکردن

محەمەد حەلبوسی