هەواڵی ئەمڕۆ

فراکسیۆنی یەکگرتو بەشداری کۆبونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق ناکات

10:35 - 25/03/2022

6201جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
فراکسیۆنی یەکگرتو لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەشداری کۆبونەوەی سبەی پەرلەمان ناکەن کە تایبەتکراوە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە عێراق بەرگەی ئەو دابەش بونە ناگرێت کە لەنێوان لایەنەکاندا هەیە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، فراکسیۆنەکەیان بڕیاریداوە بەشداری کۆبونەوەی سبەی پەرلەمان نەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی نایانەوێت ببنە بەشێک لەو دابەش بونە قوڵ و گەورەیەی کەلەنێوان لایەنەکاندا هەیە.

گریمانەی ئەنجامنەدانی کۆبونەوەکە بەهۆی نەبونی نیساب زیاترە

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئەو لایەنانەی بەشداری کۆبونەوەکەی سبەی پەرلەمان دەکەن لەگەڵ ئەو لایەنانەی بەشداری کۆبونەوەکە ناکەن، لەڕوی ژمارەوە بۆ تەواوکردن یان شکاندنی نیسابی کۆبونەوەکە لەیەکەوە نزیکن، بەڵام تائێستا گریمانەی ئەنجامنەدانی کۆبونەوەکە بەهۆی نەبونی نیساب زیاترە.

سبەی شەممە (26-3-2022) پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆدەبێتەوە، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێویستە دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان کە دەکاتە 220 ئەندام لە دانیشتنەکەدا ئامادەبن.