هەواڵی ئەمڕۆ

عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق: گفتوگۆكانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ چوارچێوه‌ی یه‌كه‌م

11:19 - 18/03/2022

4250جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌عد سه‌عدی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق رایگه‌یاند، گفتوگۆكانی نێوان چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان و ڕه‌وتی سه‌در نه‌گه‌یشتۆته‌ خاڵی لێكتێگه‌یشتن، به‌هۆی ناكۆكی نێوانیان له‌سه‌ر میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق، به‌وه‌ش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ چوارچێوه‌ی یه‌كه‌م.

سه‌عد سه‌عدی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، گفتوگۆكانی نێوان چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ڕه‌وتی سه‌در هیچ پێشكه‌وتنێكیان به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا دروست بوه‌، به‌جۆرێك دانوستان و گفتوگۆكان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م. 

موقته‌دا سه‌در سوره‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانی سێقۆڵیه‌وه‌ كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران دیاری بكات

وتیشی، "موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سوره‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانی سێقۆڵیه‌وه‌ كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران دیاری بكات، ئه‌مه‌ش ناكۆكیه‌كانی زیاتر كردوه‌".

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانی سێقۆڵیه‌وه‌ هه‌ڵبژێرێت

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانی سێقۆڵیه‌وه‌ هه‌ڵبژێرێت و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی تایبه‌تی و به‌بێ ده‌ستێوه‌ردانی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌بێت شیعه‌كان له‌ناوخۆیاندا كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران دیاری بكه‌ن". 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ناكۆكی به‌رده‌وامی نێوان كوتله‌ی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر دۆخی سیاسی به‌گشتی و دواخستنی پێكهێنانی حكومه‌ت دروستده‌كات".