پارێزگاری کەرکوک بۆ فراکسیۆنی یەکێتی: نەورۆز پیرۆز بێت و یادکردنەوەشی ئازادانەیە

08:19 - 15/03/2022

7879جار خوێندراوەتەوە

ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکوک ساڵی 2018

خەندان-

راکان سەعید، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت رایگەیاند، بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی کورد لە کەرکوک دەکات و یادکردنەوەی ئەو بۆنەیەش وەک مافێکی ئازادانەی هاوڵاتیان دەبینێت، ئەوەش رەنگدانەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی رۆڵە رەسەنەکانی کەرکوکە بە هەمو پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانییەوە.

راکان سەعید، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت ئەمڕۆ سێشەممە لەبارەی یادکردنەوەی نەورۆز لە کەرکوک وەڵامی نوسراوێکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراقی داوەتەوە و باسی لەوەشکردوە، پیرۆزبایی یادی نەورۆز لە هەمو برایانی کورد دەکات و بە مافی رەوای هاوڵاتیانی پێکهاتەکانی جیاوازەکانی دەزانێت کە بۆنە و ئاهەنگە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانیان بەرز رابگرن.

 یادکردنەوەی نەورۆز حەق و مافێکی کوردە، ئەوەش رەنگدانەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی رۆڵە رەسەنەکانی کەرکوکە

ئەوەشی خستوەتەڕو، بەوبۆنەیەشەوە پیرۆزبایی لە هەمو هاوڵاتیانی کەرکوک دەکەن و یادکردنەوەی نەورۆزیش وەک حەق و مافێکی کورد دەبینن کە رەنگدانەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی رۆڵە رەسەنەکانی کەرکوکە بە هەمو پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانییەوە.

 کات و شوێنی ئاهەنگەکە دیاری بکرێت تاوەکو ئاسایشی شوێنی ئاهەنگەکە و بەشداربوەکانی بپارێزرێت

لەبارەی مەراسیمی یادی نەورۆزیش پارێزگاری کەرکوک لە نوسراوەکەیدا داوا دەکات هەمو هاوڵاتیانی کەرکوک بەشداری بکەن لە یادەکانی نەورۆز، بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکات کات و شوێنی ئاهەنگەکە دیاری بکرێت تاوەکو ئاسایشی شوێنی ئاهەنگەکە و بەشداربوەکانی بپارێزرێت لە هەر کردەوەیەکی تیرۆرستی کە خەڵک و پێکهاتەکانی کەرکوک بەئامانج دەگرێت.

No description available.

نیشانەکردن

کەرکوک نەورۆز