هەواڵی ئەمڕۆ

یه‌كگرتو: نابێت هەرێم بکرێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی دەوڵەتان

09:13 - 13/03/2022

2129جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، هێرشەکەی شەوی رابردوی سەر شاری هەولێر ئیدانە دەکەن و باوەڕیانوایە نابێت رێگە بدرێت هەرێم بکرێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی دەوڵەتان، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەن کاربکەن بۆ ئەوەی  سنورێک بۆ بەزاندنی سەروەریی و تێکدانی ئاسایشی وڵات دابنرێت.

دژین بە کردنی هەرێم بە مەیدانی ته‌سفیه‌ی حساباتی دەوڵەتان

یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "بە داخەوە جارێکی تر  پایتەختی هەرێم کەوتەوە بەر هێرشی موشەکبارانی ناحەزانی گەل و وڵات، ئێمە لە یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان، ئەم هێرشە ناڕەوایە ئیدانە ئەکەین و بە دەستدرێژی دەزانین بۆ سەروەریی وڵات، هەروەها دژین بە هەوڵی تێکدانی ئارامیی و تۆقاندنی هاوڵاتیان و کردنی هەرێم بە مەیدانی ته‌سفیه‌ی حساباتی دەوڵەتان."

سنورێک بۆ بەزاندنی سەروەریی، تێکدانی ئاسایش و دەستدرێژیی بۆ  سەر بارەگا دبلوماسییەکان دابنرێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، "خەڵکی کوردستان شایستەی خزمەت و فریاکەوتنە، نەک ئەمنیەتیشی بکرێتە ئامانج ، بۆیە خوازیارین کە لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگریی بکەن لەم جۆرە پەلامارانەو سنورێک بۆ بەزاندنی سەروەریی و تێکدانی ئاسایش و دەستدرێژیی بۆ  سەر بارەگا دبلوماسییەکان".

سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەوی 12/13-03-2022 پاش کاتژمێر 01:00ی بەرەبەیان، 12 موشەکی دورمەودای بالیستی لە سنورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران. سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت.
  
هاوکات سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە بنکەی ئیسرائیلی لە هەولێر هەبن و رایگەیاند: "شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی سڤیلە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە".

نیشانەکردن

یەکگرتووی ئیسلامی