هەواڵی ئەمڕۆ

حه‌لبوسی بۆ كاربه‌ڕێكه‌ری ئۆكرانیا له‌ به‌غدا: عێراق ئازاری زۆر چه‌شتوه‌ به‌ ده‌ست جه‌نگ كاولكاریه‌وه‌

08:19 - 09/03/2022

718جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كاربه‌رێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئۆكرانیا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، "عێراق ئازاری زۆر چه‌شتوه‌ به‌ ده‌ست جه‌نگ و لێكه‌وته‌كانی له‌ ئاواره‌بون و ڕه‌و و كاولكاری، بۆیه‌ پشتیوانی له‌ سه‌قامگیری و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری وڵاتان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌ڕێگای دیپلۆماسی ده‌كه‌ین".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی حه‌لبوسی، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی پێشوازیكرد له‌ ئه‌لیكسانده‌ر بورڤجینكۆڤ كاربه‌رێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئۆكرانیا له‌ به‌غدا، له‌ دیداره‌كه‌ باس له‌ بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی كرا، له‌گه‌ڵ روداوه‌كانی ئۆكرانیا.

بورڤجینكۆڤ رۆشنایی خسته‌ سه‌ر دۆخی خراپی مرۆیی و زیانه‌كانی ژێرخانی ئابوری و ئاواره‌بونی هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی

له‌وباره‌یه‌وه‌، ئه‌لیكسانده‌ر بورڤجینكۆڤ رۆشنایی خسته‌ سه‌ر دۆخی خراپی مرۆیی و زیانه‌كانی ژێرخانی ئابوری و ئاواره‌بونی هاوڵاتیان و هه‌ڵوێستی عێراقیشی به‌رز نرخاند سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی سه‌ر وڵاته‌كه‌یان و به‌رده‌وامبونی باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ كیێڤ له‌ كاره‌كانی.

عێراق ئازاری زۆر چه‌شتوه‌ به‌ ده‌ست جه‌نگ و لێكه‌وته‌كانی له‌ ئاواره‌بون و ڕه‌و و كاولكاری

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌میانی دیداره‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "عێراق ئازاری زۆر چه‌شتوه‌ به‌ ده‌ست جه‌نگ و لێكه‌وته‌كانی له‌ ئاواره‌بون و ڕه‌و و كاولكاری"، خه‌مباری خۆی نیشاندا بۆ روداوه‌كانی ئۆكرانیا، و هاوكات ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی عێراق بۆ پشتیوانی سه‌قامگیری و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری وڵاتان و گرنگی گرتنه‌به‌ری زمانی گفتوگۆ و رێگه‌چاری دیپلۆماسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌ سیاسیه‌كانی نێوان وڵاتان و دور له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگ.

محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ كاربه‌رێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئۆكرانیا له‌ به‌غدا هیوای خواست كه‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ته‌واوی كۆتاییان پێبێت له‌ڕێگه‌ی وتوێژی دیپلۆماسیه‌وه‌.

نیشانەکردن

محەمەد حەلبوسی