پۆلیسی هه‌ولێر ورده‌كاری كوژرانی گه‌نجێك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی زێڕه‌ڤانی بڵاوكرده‌وه‌

08:08 - 08/03/2022

4175جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، گه‌نجێك له‌شه‌قامی 150 مه‌تری هه‌ولێر دوای ئه‌وه‌ی "ویستویه‌تی ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ر كچێك"، له‌لایه‌ن دو پاسه‌وانی هێزه‌كانی زێڕه‌ڤانیه‌وه‌ ته‌قه‌ی لێكراوه‌ و كوژراوه‌.

پۆلیسی هه‌ولێر له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "كاتژمێر 9:00ی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو، هێزه‌كانی پۆلیس ئاگادار كرانه‌وه‌ به‌بونی ڕوداوێكی كوشتن له‌ شه‌قامی 150 مه‌تری له‌ نزیك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ و بانكی مناره‌، دوای گه‌یشتنی هێزه‌كانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕوداو بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕوداوه‌كه‌ ده‌ركه‌وت كه‌وا كه‌سێك به‌ناوی سادق عه‌بدولخالق جه‌مال كوژراوه‌ له‌ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندای ئه‌كسێنت".

كوژراو هه‌وڵی ده‌ستدرێژی داوه‌ بۆ سه‌ر كچه‌كه‌ و ئه‌ویش داوای یارمه‌تی و به‌هاناوه‌چونی كردوه‌

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "ئه‌و كه‌سه‌ی كوژراوه‌ هاوڵاتیه‌كی ئافره‌تی له‌گه‌ڵ بوه‌ به‌ناوی (ا.ا.م) پاش ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كان ده‌ركه‌وت كه‌وا كوژراو هه‌وڵی ده‌ستدرێژی داوه‌ بۆ سه‌ر كچه‌كه‌ و ئه‌ویش داوای یارمه‌تی و به‌هاناوه‌چونی كردوه‌، دواتر پاسه‌وانه‌كانی بانكی مناره‌ كه‌ سه‌ر به‌ هێزه‌كانی زێره‌ڤانین گه‌یشتونه‌ته‌ لای ئۆتۆمبێله‌كه‌ بۆ به‌ هاناوه‌چونی كچه‌كه‌، به‌ڵام شوفێره‌كه‌ ویستویه‌تی رابكات له‌ئه‌نجامدا ته‌قه‌كراوه‌ و بۆته‌ هۆی مردنی شوفێره‌كه‌".

هه‌ردو لایه‌نی تۆمه‌تبار خۆیان ڕاده‌ستی  به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر كرد و تۆمه‌تباران و كچه‌كه‌ش له‌لای هێزه‌كانی پۆلیس له‌ژێرلێكۆڵینه‌وه‌ن

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هه‌ردو لایه‌نی تۆمه‌تبار خۆیان ڕاده‌ستی  به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر كرد و تۆمه‌تباران و كچه‌كه‌ش له‌لای هێزه‌كانی پۆلیس له‌ژێرلێكۆڵینه‌وه‌ن و راگیراون به‌بریاری دادوه‌ری لێكوڵینه‌وه به‌پێی مادده‌ی 405 له‌یاسای سزادانی عێراقی.

نیشانەکردن

كوشتن