خه‌ندان دواین زانیاری له‌باره‌ی كوژرانی ماریا بڵاوده‌كاته‌وه‌

07:48 - 07/03/2022

26482جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دو رۆژ به‌ر له‌ هه‌شتی مارس، ماریا سامی چالاكوان كه‌ باسی كوشتنی ژنه‌كانی ده‌كرد و ده‌یوت، "ده‌ناڵێنم بۆ نه‌بونی خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی" له‌شه‌قامێكی گشتی شاری هه‌ولێر درایه‌ به‌ر ده‌ستدڕێژی گوللـه‌ و كۆتایی به‌ژیانی هێندرا، تا ئێستاش پۆلیس سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌باره‌ی هۆكار و چۆنیه‌تی كوژرانه‌كه‌ی، خه‌ندان له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ زانیاری نوێ له‌باره‌ی دۆسیه‌ی كوژرانی ئه‌و ژنه‌ چالاكوانه‌ ئاشكراده‌كات.

بەگوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر، ماریا سامی كه‌ ناوی ته‌واوی ئیمان سامی مه‌غدیده‌ و ته‌مه‌نی 20 ساڵه‌، ماوه‌ی ساڵێكه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیابوه‌ته‌وه‌، له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و سیمینار و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌كاندا به‌شداریه‌كی كارای هه‌بو، وه‌ك چالاكوانێك له‌سه‌ر پرسه‌كانی ژنان و چه‌ندین دۆسیه‌ی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌كۆمه‌ڵگه‌ هه‌ڵوێست و كرداری هه‌بو.

شه‌وی 6 له‌سه‌ر 7ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تری شاری هه‌ولێر ته‌رمی ماریا دۆزرایه‌وه‌

به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌، شه‌وی 6 له‌سه‌ر 7ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تری شاری هه‌ولێر ته‌رمی ماریا دۆزرایه‌وه‌، پاش لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان دەرکەوتوە، "براكه‌ی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیه‌ و هۆكاره‌كه‌شی ته‌نها بۆ ده‌ركه‌وتنی ماریا به‌شێوازی دور له‌دابونه‌ریتی خێزانه‌كه‌یان گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌"، تا ئێستاش براكه‌ی كه‌ تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی روداوه‌كه‌یه‌ هه‌ڵاتوه‌ و گه‌ڕان  و به‌دواداچونی پۆلیس به‌دوایدا به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

مامی ماریا كه‌ ده‌ستی له‌ ڕوداوه‌كه‌دا هه‌یه‌ و هاوكاری تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كردوه‌ له‌ئێستادا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌

ئەو سەرچاوەیەی خەندان ئاشكراشیكرد، "مامی ماریا كه‌ ده‌ستی له‌ ڕوداوه‌كه‌دا هه‌یه‌ و هاوكاری تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كردوه‌ له‌ئێستادا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستیش به‌سه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێله‌دا گیراوه‌ كه‌ تاوانه‌كه‌ی پێ ئه‌نجامدراوه‌".

ته‌رمی ماریا سامی لەلایەن باوكیەوە كە ماوەیەكی زۆر بوە یەكتریان نەبینیوە و قسەیان بەیەكەوە نەكردوە وەرگیراوەتەوە
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد، ته‌رمی ماریا سامی لەلایەن باوكیەوە كە ماوەیەكی زۆر بوە یەكتریان نەبینیوە و قسەیان بەیەكەوە نەكردوە وەرگیراوەتەوە و پاشانیش بەئامادەبونی كەسوكارەكەی لەشاری هەولێر بەخاكسپێردراوە.
 ده‌ست به‌جێ تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ شوێنی مه‌به‌ست ده‌ستكرا به‌ لێكۆڵینه‌وه‌

له‌باره‌ی ئه‌و روداوه‌وه‌، هۆگر عه‌زیز وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، كاتژمێر 11:00ی شه‌وی 6ی ئه‌م مانگه‌ ھێزه‌كانی پۆلیس ئاگادار كرانه‌وه‌ به‌بونی ڕوداوێكی كوشتن له‌شه‌قامی 100 مه‌تری نزیك چوارڕێیانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ھه‌ولێر، ده‌ست به‌جێ تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ شوێنی مه‌به‌ست ده‌ستكرا به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و وه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی سه‌ره‌تایی ده‌ركه‌وت كه‌ كوژراوه‌كه‌ ئافره‌تێكه‌ به‌ناوی ئیمان سامی مه‌غدید و ته‌مه‌نی 20 ساڵه‌.

هێزه‌كانی پۆلیسی پارێزگای ھه‌ولێر سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن

سه‌باره‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی ئه‌و روداوه‌، هۆگر عه‌زیز باسی له‌وه‌كرد، هێزه‌كانی پۆلیسی پارێزگای ھه‌ولێر سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌سه‌ر ھۆكاری ڕوداوه‌كه‌ و بكه‌ری ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌.

ماریا وه‌ك كه‌سێكی ئازاد و چاونه‌ترس هه‌میشه‌ له‌ ڤیدیۆ و په‌یامه‌كانیدا به‌راستگۆیانه‌ و دور له‌ترس و تانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ گوزارشتی له‌بۆچونه‌كانی ده‌كرد

كوژرانی ماریا سامی كاردانه‌وه‌ی زۆری له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌دوای خۆیدا هێنا، ماریا وه‌ك كه‌سێكی ئازاد و چاونه‌ترس هه‌میشه‌ له‌ ڤیدیۆ و په‌یامه‌كانیدا به‌راستگۆیانه‌ و دور له‌ترس و تانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ گوزارشتی له‌بۆچونه‌كانی ده‌كرد، له‌دواین په‌یامیشیدا كه‌ له‌ستۆری خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، به‌جگه‌ره‌كه‌ی ده‌ستیه‌وه‌ گۆرانیه‌كی راپ ده‌ڵێته‌وه‌ و نیگه‌رانی له‌بارودۆخ و گوزه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌بڕێت.

ده‌ناڵێنم بۆ مرۆڤ، بۆ زاڵم و بۆ مه‌زڵوم، بۆ خاك و نیشتمانێك كه‌ موڵكی كه‌س نیه‌و مرۆڤ له‌سه‌ری ده‌كوژرێت

رۆژی 26ی شوباتی ئه‌مساڵ ماریا سامی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، "ده‌ناڵێنم بۆ مرۆڤ، بۆ زاڵم و بۆ مه‌زڵوم، بۆ خاك و نیشتمانێك كه‌ موڵكی كه‌س نیه‌و مرۆڤ له‌سه‌ری ده‌كوژرێت، ده‌ناڵێنم بۆ نه‌بونی خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی، به‌ جدی من له‌ ئازاردام بۆ منداڵه‌كان بۆ پیاوه‌كان بۆ ئافره‌ته‌ كوژراوه‌كان، بۆ ئه‌م هه‌مو داگیركاری و نادادپه‌روه‌ریه‌ی له‌ جیهاندا ڕو ده‌ده‌ن، وه‌ك پشیله‌یه‌ك كه‌ خورشتی گرتبێت، ده‌مه‌وێت خۆم له‌ دارو دیوار بخشێنم تا شتێك  چاك بكه‌م، خودایه‌ دروستكردنی ئێمه‌ له‌م ژیانه‌ چ تاوانێكی گه‌وره‌بو".

تۆ بۆ ئێره‌ دروست نه‌كرابوی ماریا گیان، باڵه‌كانی تۆی كۆتر زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تربون له‌م سه‌ر زه‌مینه‌ پیسه‌

یه‌كێك له‌هاوڕێكانی ماریا به‌ناوی محه‌مه‌د ئه‌سعه‌د له‌پۆستێكدا له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "تۆ بۆ ئێره‌ دروست نه‌كرابوی ماریا گیان، باڵه‌كانی تۆی كۆتر زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تربون له‌م سه‌ر زه‌مینه‌ پیسه‌، پڕ له‌ ڕق و كینه‌یه‌ پڕ له‌ نادادپه‌روه‌ریه‌ جێگایان ببێته‌وه‌".

یه‌كێكی دیكه‌ له‌هاوڕێكانی به‌ناوی محه‌مه‌د مه‌سعود له‌په‌یامێكدا ده‌ڵێت، "ماریاتان كوشت، من نازانم كێ كوشتویه‌تی و هیچ هۆكاری دیكه‌ هه‌بوه‌ یا نا كه‌ كوژراوه‌ به‌ڵام ماریا ئاخیری هه‌ر ئه‌مه‌ده‌بو ، كۆمه‌ڵگای كوردی قه‌ت ئینسانی شاز و یاخی پێ قبوڵ ناكرێت، ماریا خوشكی هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌ش بێت، خه‌ڵك پێتان به‌ كوشت ده‌دات، دواجار هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بنه‌ قوربانی كه‌ یاخین، به‌داخه‌وه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌".

نیشانەکردن

كوشتن