خەندان-
لە دیمەنێکی نامۆ و جیاوازدا گەشتیارانی ناوفڕۆکەیەکی مالیزیا توشی ترس و دڵەڕاوکێ بون کاتێک بینییان مارێک هاتوەتەناو فڕۆکەکەیان و بەناو بەشی گەشتیاراندا هاتوچۆ دەکات، بۆیە فڕۆکەوانەکە بڕیاری نیشتنەوەی فڕۆکەکەیدا لەنزیکترین شوێن و روداوەکەش زیانی نەبوە.
مارێک هاتوەتەناو بەشی ناوەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی مالیزیا
بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، مارێک هاتوەتەناو بەشی ناوەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی مالیزیا، بەرپرسانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، روداوەکە دەگمەن بوە بەڵام دەکرێت لەناو هەر فڕۆکەیەکی دیکەشدا دوبارە ببێتەوە.
فڕۆکەکە لە گەشتێکی ناوخۆییدا بوە لە فڕۆکەخانەی كوالالامپورەوە بۆ فڕۆکەخانەی تاواو
لای خۆیەوە هێڵی ئاسمانی AirAsia باسی لەوەکردوە، فڕۆکەکە لە گەشتێکی ناوخۆییدا بوە لە فڕۆکەخانەی كوالالامپورەوە بۆ فڕۆکەخانەی تاواو، لەو کاتەشدا فڕۆکەوانەکە ئاگادارکراوەتەوە لە هەبونی مارێک لە شوێنی گەشتیاران.
روداوەکە زیانی نەبوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، فڕۆکەوانەکە بەمەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران، بڕیاری نیشتنەوەیداوە لە فڕۆکەخانەی "كوتشينج" کە نزیکترین شوێن بوە بۆ نیشتنەوە، روداوەکەش هیچ زیانێکی نەبوە.