هۆشیار عەبدوڵا: زیادكردنی باج به‌شێكی تره‌ له‌ حه‌لقه‌ی زوڵمكردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان

09:42 - 09/02/2022

4143جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، به‌پێی ده‌ستوری عێراق باج نه‌ زیاد ده‌كرێت نه‌ كه‌مده‌رێته‌وه‌ و نه‌ ده‌به‌شخرێت، به‌ یاسا نه‌بێت، ده‌شڵێت، "له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك كۆده‌بنه‌وه‌ و به‌ سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك باج له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان زیاد ده‌كه‌ن و داواش ده‌كه‌ن خه‌ڵك باج بده‌ن، له‌كابینه‌ی نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ كه‌ باج زیادكرا قسه‌م له‌سه‌ركردوه‌ و وتومه‌ خه‌ڵكی كوردستان باج نه‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت داوام لێكردوه‌ بڕۆن له‌ دادگای فیدڕاڵی شكات بكه‌ن، ئه‌مه‌ به‌شێكی تره‌ له‌ حه‌لقه‌ی زوڵمكردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان".

هۆشیار عەبدوڵا له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه‌ و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق و پڕۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت رایگه‌یاند، "سه‌رۆك كۆمار وه‌كو كلیلی راسپاردنی سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق سه‌یر ده‌كرێت بۆیه‌ هه‌موان چاویان له‌سه‌ره‌، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه‌ نایانه‌وێت پشتیوانی هۆشیار زێباری بكه‌ن له‌به‌رئه‌م هۆكاره‌یه‌، پشتیوانیكردنی موقته‌دا سه‌در بۆ هۆشیار زێباری په‌یوه‌ندی به‌ خودی كاراكته‌ره‌كه‌ و ته‌نانه‌ت مه‌سعود بارزانیشه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سه‌ بێت ئه‌وا كه‌سێك راسده‌سێرێت له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌ی كه‌ خۆی باوه‌ڕی پێیه‌تی، بۆیه‌ شینی سه‌رۆك كۆمار له‌ په‌یوه‌ست به‌ ماڵی شیعه‌دا بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێت به‌ سه‌رۆكی كۆمار". 

عاده‌تن حزبی عائیله‌ قه‌زیه‌ی لا گرنگ نیه‌ به‌ڵكو شه‌خسی لاگرنگه‌، چونكه‌ عائیله‌ پێكهاتوه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ر
له‌باره‌ی پێداگیری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كاندیدكردنی هۆشیار زێباری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ دادگا دۆسیه‌ی له‌سه‌ره‌ و پێشتر متمانه‌ی لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "عاده‌تن حزبی عائیله‌ قه‌زیه‌ی لا گرنگ نیه‌ به‌ڵكو شه‌خسی لاگرنگه‌، چونكه‌ عائیله‌ پێكهاتوه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ر، هۆشیار زێباری كاراكته‌رێكی دیاری عائیله‌ی بارزانییه‌، به‌تایبه‌تی خه‌تی بارزانی- زێباری، ئه‌م پیاوه‌ زۆر نزیكه‌ له‌ كاك مه‌سعود و خاڵیه‌تی و هاوڕێشیه‌تی، وه‌ختی خۆشی باس له‌وه‌ده‌كرا به‌شێك له‌ هۆكاری ریفراندۆم تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌كی شه‌خسی بو، ئه‌گه‌ر له‌ بیرتان بێت هه‌تا هۆشیار زێبار متمانه‌ی لێوه‌رنه‌گیراوه‌ پرسی ریفراندۆم ئه‌وه‌نده‌ توند نه‌بو، 2016 هۆشیار زێبار متمانه‌ی لێوه‌رگیراوه‌ به‌ڵام 2017 به‌ په‌له‌ په‌ل ریفراندۆمیان كرد، به‌گوێره‌ی هه‌ندێك له‌ زانیاریه‌كانی ئێمه‌ كاراكته‌ری دیاری پارتی كاندیدكردنی هۆشیار زێباریان پێخۆش نه‌بوه‌، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ عائیله‌كه‌ش پێیان خۆش نه‌بوه‌، چونكه‌ ده‌یانزانی كه‌ ئه‌م كێشه‌ و ئیحراجیه‌ی بۆ دروستده‌بێت، كورد قسه‌یه‌كی هه‌یه‌ ئه‌ڵی، بمشكێنه‌ به‌س مه‌مزرینگێنه‌، ئێستا سه‌رله‌نوێ زرینگایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بشبێت به‌ سه‌رۆك كۆمار ئه‌م دۆسیه‌یانه‌ی له‌ كۆڵ نابێته‌وه‌".
ده‌بو پارتی تۆزێك ورتر له‌ كاندیدی سه‌رۆك كۆماریان بڕوانیایه‌، پێشموابێت ئه‌گه‌ر كاندیدی وه‌زاره‌ت بوایه‌ كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر نه‌بو
هۆشیار عه‌بدوڵا باسی له‌وه‌شكرد، "ده‌بو پارتی تۆزێك ورتر له‌ كاندیدی سه‌رۆك كۆماریان بڕوانیایه‌، پێشموابێت ئه‌گه‌ر كاندیدی وه‌زاره‌ت بوایه‌ كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر نه‌بو، حه‌قیقه‌تێك هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ مێژو دیاربێت، هۆشیار زێباری خۆی لێدوانی هه‌یه‌ ئه‌ڵێ ئێمه‌ چاومان له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار نیه‌، ته‌نانه‌ت جێگری سه‌رۆك په‌رله‌مانیش وتی كاتێك جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ پارتی بو ده‌بو لایه‌نی تر كه‌ مه‌به‌ستی یه‌كێتیه‌ پۆستی ترمان بۆ ئه‌وان به‌جێهێشتوه‌، به‌ڵام به‌ بڕیارێكی به‌په‌له‌ له‌لایه‌ن خودی كاك مه‌سعوده‌وه‌ هۆشیار زێباری لێدوانه‌كه‌ی كێشایه‌وه‌ و دواییش هه‌رخۆی كاندیدكرد، ئه‌مه‌ موعاناتێكی هه‌ڵه‌مان پێده‌ڵێ به‌وه‌ی هه‌ندێكجار حوكمی خێزانی سیاسی له‌ناو حزبدا نا به‌ڵام كه‌ ته‌رجه‌مه‌ ده‌بێت بۆ دامه‌زراوه‌ی نیشتیمانی ئه‌مه‌ كێشه‌كه‌یه‌تی، له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌كی چاكه‌ی گشتی هه‌بێت زیاتر خه‌می تاكه‌كه‌سی هه‌یه‌".
له‌ نێوان سه‌دریه‌كان و پارتیدایه‌، ئه‌م رێككه‌وتنه‌ زیاتر چوارچێوه‌یه‌كی گشتیه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نیه‌
له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنێك كه‌ باس ده‌كرێت نێوان پارتی، سه‌در و سوننه‌كان بۆ پێهێنانی حكومه‌تی نوێ و له‌ 25 خاڵ پێكهاتوه‌، هۆشیار عه‌بدوڵا وتی، "له‌ نێوان سه‌دریه‌كان و پارتیدایه‌، ئه‌م رێككه‌وتنه‌ زیاتر چوارچێوه‌یه‌كی گشتیه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كاك مه‌سعود بڕیاری كۆتایی ناو ماڵی كوردی به‌ده‌ستبێت و ئه‌وانیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌در بكه‌ن وه‌كو تاكه‌ لایه‌نی شیعه‌ وه‌ك مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌، له‌ خاڵی كۆتاییدا به‌ قه‌ڵه‌م شتێكی بۆ زیادكراوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌ندروست له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا هه‌بێت".
هه‌ندێك له‌وانه‌ی كه‌ پڕۆپارتیین و قۆناغێك له‌ فۆناغه‌كاندا سودمه‌ندبون له‌ پارتی یان ته‌نانه‌ت پۆستیان هه‌بوه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمداو خه‌ڵكی بێده‌نگبون و ئێستا وا وه‌سفی پارتی ده‌كه‌ن
رونیشیكرده‌وه‌، "هه‌ندێك كه‌س كه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن پارتی هێزی یه‌كه‌مه‌ وا حسابی ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م یه‌كه‌مبونه‌ به‌رمه‌بنای خزمه‌تێكی نه‌وعییه‌ بۆ كوردستان و كوردستان زۆر زۆر ته‌جوربه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوه‌، بیریان نیه‌ كه‌ كوردستان نزیكه‌ی 30 ملیار دۆلار قه‌رزاره‌ و خۆیان به‌ ئاسانی باسی ده‌كه‌ن و له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ موچه‌ جێگیر نیه‌ و هیچ جۆره‌ ده‌رماڵه‌یه‌ك نیه‌، بیریان نیه‌ له‌وه‌ی كه‌ غه‌در و زوڵم له‌سه‌ر وه‌رگرتنی باج چ قۆناغێكی مه‌ترسیداری تێپه‌ڕاندوه‌، بیریان نیه‌ كه‌ زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پڕن له‌ خه‌ڵكی ئازادی خواز، بیریان نیه‌ كه‌ بچوكترین لافاو كۆمه‌ڵێك گه‌ڕه‌ك له‌ شاری هه‌ولێر ده‌بات، بیریان نیه‌ كه‌ ئه‌م زۆرایه‌تی و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ به‌كارهێنانی پاره‌ و چه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌ و چه‌ك له‌ كوردستاندا بێلایه‌ن نین، به‌ نسبی ئه‌مه‌ بۆ یه‌كێتیش راسته‌، هه‌ندێك له‌وانه‌ی كه‌ پڕۆپارتیین و قۆناغێك له‌ فۆناغه‌كاندا سودمه‌ندبون له‌ پارتی یان ته‌نانه‌ت پۆستیان هه‌بوه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمداو خه‌ڵكی بێده‌نگبون و ئێستا وا وه‌سفی پارتی ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و لایه‌نه‌كانی تر بۆیه‌ رۆژ به‌ رۆژ كه‌مده‌بنه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی شكستیان خواردوه‌".
پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتوه‌و نه‌وت فرۆشراوه‌ و گومرگیش وه‌رگیراوه‌ و باجیش كۆكراوه‌ته‌وه‌ و  30 ملیار دیناریش قه‌رزارین
هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "یاسای بودجه‌ی عێراقی یاسایه‌كی ئیتحیادیه‌ و سه‌له‌ی بودجه‌ی عێراقی یان وه‌زاره‌تی دارایی سه‌له‌یه‌كی ئیتحادیه‌ ده‌بێت داهات بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وێ و له‌وێوه‌ جارێكی دیكه‌ دابه‌شبكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ تائێستا بۆ پارتی چوه‌ته‌ به‌ سیاسه‌تی ئه‌مری واقع، تاكه‌ی ده‌چێته‌ سه‌ر؟ ره‌نگه‌ بچێته‌ سه‌ر، به‌ڵام ئه‌م چونه‌ سه‌ره‌ سه‌ركه‌وتنێكی حزبی عائیلیه‌ و سه‌ركه‌وتنێكی ده‌وڵه‌تداری نیه‌ تا هه‌ندێك كه‌ پڕۆ پارتین پێمان بفرۆشێته‌وه‌، پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتوه‌و نه‌وت فرۆشراوه‌ و گومرگیش وه‌رگیراوه‌ و باجیش كۆكراوه‌ته‌وه‌ و  30 ملیار دیناریش قه‌رزارین، كۆمه‌ڵێك عائیله‌ی سیاسیمان هه‌یه‌ ته‌قیون له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیدا و نه‌وه‌ی نه‌وه‌كانیشیان ئێستا بون به‌ مه‌ڵتی ملیۆنێری دۆلار، خه‌ڵكه‌كه‌ش ئه‌وه‌ وه‌عیه‌تی، هه‌ندێك له‌وانه‌ی وه‌سفی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی پارتی ده‌كه‌ن ده‌بێت شه‌رم بكه‌ن كه‌ سه‌ركه‌وتنی دو جۆره‌، سه‌ركه‌وتنێك كه‌ موڵك و ماڵی گشتیت بردبێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆت و عائیله‌ سیاسیه‌كه‌تی پێده‌وڵمه‌ند بكه‌یت ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتن نیه‌ ئه‌مه‌ فه‌زیحه‌ی سیاسیه‌، هه‌ركه‌سێك ئه‌مه‌ به‌ خه‌ڵك برۆشێته‌وه‌ ده‌بێت شه‌رم بكات، قه‌زیه‌ی هه‌رێم و مافه‌ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوه‌ به‌ تێپه‌ڕ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی پارتی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ حوكمڕانن".  
هه‌ر عه‌یبه‌ به‌رگری له‌وه‌ بكه‌یت بڵێیت ده‌بێت خه‌ڵك باج بدات، هه‌ر عه‌یبه‌ كه‌سێك سیاسیه‌كی هۆشیار بێت و داوا له‌ خه‌ڵك بكه‌یت باج بدات
له‌باره‌ی وه‌رگرتنی باج له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ كه‌ هاوڵاتیان ده‌ڵێن بارگرانی بۆ دروستكردون، هۆشیار عه‌بدوڵا وتی، "پاره‌ی باج ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو خه‌زێنه‌ی دارایی یان عائیله‌ سیاسیه‌كان و حزبه‌ سیاسیه‌كان ده‌یدزن؟، ئه‌م باجه‌ به‌ یاسا زیادكراوه‌ یان به‌ نایاسایی، هه‌ر عه‌یبه‌ به‌رگری له‌وه‌ بكه‌یت بڵێیت ده‌بێت خه‌ڵك باج بدات، هه‌ر عه‌یبه‌ كه‌سێك سیاسیه‌كی هۆشیار بێت و داوا له‌ خه‌ڵك بكه‌یت باج بدات، باج به‌ ده‌ستوری عێراق نه‌ زیاد ده‌كرێت نه‌ كه‌مده‌رێته‌وه‌ نه‌ ده‌به‌شخرێت به‌ یاسا نه‌بێت، له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی فاشل كۆده‌بنه‌وه‌ و به‌ سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك باج زیاد ده‌كه‌ن، باج له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان زیاد ده‌كه‌ن و داواش ده‌كه‌ن خه‌ڵك باج بده‌ن، له‌كابینه‌ی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌ كه‌ باج زیادكرا قسه‌م له‌سه‌ركردوه‌ و وتومه‌ خه‌ڵكی كوردستان باج نه‌دات ته‌نانه‌ت داوام لێكردوه‌ بڕۆن له‌ دادگای فیدڕاڵی شكات بكه‌ن، خه‌ڵكی یاساناسیش قسه‌ی له‌سه‌ر كردوه‌، ئه‌مه‌ به‌شێكی تره‌ له‌ حه‌لقه‌ی چه‌ته‌ییكردنی ئه‌م گروپه‌ سیاسیه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌".
له‌ نه‌وت تێر نابن و خه‌ریكه‌ ده‌وری غاز ده‌ده‌ن و خه‌ریكه‌ غازه‌كه‌ش به‌ ده‌ردی نه‌وت ده‌به‌ن
وتیشی، "له‌ نه‌وت تێر نابن و خه‌ریكه‌ ده‌وری غاز ده‌ده‌ن و خه‌ریكه‌ غازه‌كه‌ش به‌ ده‌ردی نه‌وت ده‌به‌ن، ئێستا ورده‌ ورده‌ بیریان له‌ روتانی گیرفانی خه‌ڵك كردوه‌ته‌وه‌، گه‌وره‌ترین فه‌زیحه‌ی سیاسی له‌دوای لێبڕینی موچه‌وه‌ زیادكردنی باجه‌ به‌م شێوازه‌ی كه‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێموایه‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه‌ دژی پێدانی باجن كارێكی باش ده‌كه‌ن، به‌ فیعلی نه‌ وه‌جهی قانونی هه‌یه‌ نه‌ وه‌جهی ره‌وایه‌تی هه‌یه‌، شتێكی ناڕه‌وایه‌ كه‌ سور بزانیت ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌چێته‌ گیرفانی حزبی سیاسی و عائیله‌ی سیاسی كه‌چی داوا له‌ خه‌ڵك بكه‌یت بڕوات باج بدات".

له‌باره‌ی بڕیاری ده‌ركردنی باج له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر سێ لایه‌نی پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان و پێكهاته‌كان تیایدا به‌شدارن، هۆشیار عه‌بدوڵا وتی، "هه‌مویان تاوانبارن، یه‌كێتی و گۆڕان له‌ پارتی تاوانبارترن، گۆڕان له‌وان تاوانبارتره‌ كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی لایه‌، هه‌ندێكجار غه‌در له‌ پارتی ده‌كرێت، هه‌ندێك كه‌س پێیوایه‌ كه‌ من كێشه‌ی شه‌خسیم له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌ به‌ڵام هیچ كێشه‌یه‌كی شه‌خسیم له‌گه‌ڵیاندا نیه‌، كێشه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان بڕیارده‌ری سه‌ره‌كین و هێزی یه‌كه‌من، به‌ڵام دارشه‌قی راگرتنی ئه‌م حكومه‌ته‌ یه‌كێتی و گۆڕانن، بۆیه‌ هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌گیرێت ده‌بێت له‌ پاڵیشیدا ره‌خنه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانی و ئاوات شێخ جه‌ناب بگیرێت، ره‌خنه‌ له‌ یه‌كێتی و گۆڕان بگیڕێت چونكه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌یان راگرتوه‌".