هەواڵی ئەمڕۆ

یەکێتی و یەکگرتو: تەبایی و کاری پێکەوەیی کاری لەپێشینەی لایەنەکان بێت

08:30 - 07/02/2022

2127جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایانگەیاند، جەخت دەکەنەوە لەسەر تەبایی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ تەواوی لایەنە کوردستانییەکان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و ھێنانەدی خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

هەڵوێستەکانی یەکگرتو لە پڕۆسەی سیاسی و قۆناغە هەستیارەكاندا  بەرز دەنرخێنین
شاندێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان بەمەبەستی پیرۆزبایی لە یادی بیست و ھەشتە‌مین ساڵیادی دامەزراندنی  یەکگرتو، لەسلێمانی سەردانی سەرکردایەتی یەکگرتویان کرد و رایگەیاند، رۆڵ و تێگه‌یشتنی  میانڕەوی هەڵوێستەكانی یەکگرتوی ئیسلامیی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسی و قۆناغە هەستیارەكاندا  بەرز دەنرخێنن.
یەکگرتو لە کاری پێکەوەیی لایەنە کوردستانییەکان  رۆڵی گەورەی ھەبوە
مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەبارەی کۆبونەوەکە لەراگەیەنراوێکدا ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئاماژەی بە ھەوڵەکانی مامۆستا سەڵاحەدین بەھادین ئەمینداری یەکگرتوی ئیسلامی کرا لەپێناو تەبایی و کاری پێکەوەیی لایەنە کوردستانییەکان کە رۆڵی گەورەی ھەبوە".
جەختکرایەوە لەسەر لەپەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان
باس لەوەشکراوە، "جەختکرایەوە لەسەر لەپەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و ھێنانەدی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".
دەسەڵات بەخۆیدا نەچێتەوە چارەنوسێكی خراپ چاوەرێمان دەكات
دوێنێ لە یادی دامەزراندنیدا یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند، راشكاوانە داوا لە دەسەڵات دەکەن بە شێوەیەکی جددی و کرداری خەمی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی هاوڵاتیان بخوات و "سیاسەتی بێمنەتی و فەرامۆشكردن وازلێبهێنێ"، بە پێچەوانەوە بێهیوایی و بێمتمانەیی لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیاندا زیاتر دەبێت چارەنوسێكی خراپ چاوەرێی هەموان دەكات.