ناسا كۆتایهاتنی ئه‌ركی وێستگه‌یه‌كی ئاسمانی راده‌گه‌یه‌نێت

02:16 - 04/02/2022

4127جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئاژانسی نیشتمانی بۆ فڕینه‌كانی بۆشایی ئاسمانی ئه‌مریكا "ناسا" رایگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2031 وه‌ ده‌زگای ناسا ده‌ست به‌ له‌كارخستنی یه‌كێك له‌ وێستگه‌ ئاسمانییه‌كانی ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و وێستگه‌یه‌ له‌ساڵی 2000وه‌ توێژینه‌وه‌ی به‌رده‌وامی له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌درێت و له‌ ئێستاشدا ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوتر بونی هه‌یه‌.

به‌ پێی تۆڕی هه‌واڵی BBC، ئه‌مڕۆ هه‌ینی ناسا رایگه‌یاندوه‌، وێستگه‌ی بۆشایی نێوده‌وڵه‌تی (ISS) به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ پێیسپێردراوه‌ تا ساڵی 2030، پێش ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2031 به‌ شێویه‌كی هه‌میشه‌یی له‌كار بخرێت.

ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ناسا له‌ ساڵی 1998 چوه‌ته‌ نێو خولگه‌ی خۆیه‌وه‌

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ناسا له‌ ساڵی 1998 چوه‌ته‌ نێو خولگه‌ی خۆیه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ساڵی 2000دا و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام زیاد له‌ 3000 توێژینه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی تاقیگه‌ مایكرۆگراڤیتییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدراوه‌.

كه‌رتی تایبه‌ت ده‌توانێت به‌ هاوكاری ناسا ده‌ست به‌ دروستكردنی وێستگه‌ی پێشكه‌وتوتر و باشتر بكات

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ فلێپ ماك به‌رپرسی كڕین و فرۆشتن له‌ ده‌زگای ناسا رایگه‌یاند، "كه‌رتی تایبه‌ت ده‌توانێت به‌ هاوكاری ناسا ده‌ست به‌ دروستكردنی وێستگه‌ی پێشكه‌وتوتر و باشتر بكات، به‌ تایبه‌ت كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان ده‌توانن له‌ ڕوی ماددی و پاڵپشتیكردنی ته‌كنه‌لۆژییه‌وه‌ ده‌توانن مه‌ودایه‌كی باشتر بۆ بنیادنانی وێستگه‌ی پێشكه‌وتوتر فه‌راهه‌م بكه‌ن".

ده‌توانێت زیاد له‌ ملیۆنێك و 300 هه‌زار ملیار دۆلار بۆ ده‌زگای ناسا بگه‌ڕێنێته‌وه‌

زانیاریی و ئاماره‌كانی ده‌زگای ناسا ده‌ریده‌خه‌ن، پشتبه‌ستنی ناسا به‌ كه‌رتی تایبه‌ت له‌ بنیادنان و توێژینه‌وه‌ و ناردنی موشه‌كی ئاسمانی نزیك له‌ خولگه‌ی زه‌وی ده‌توانێت زیاد له‌ ملیۆنێك و 300 هه‌زار ملیار دۆلار بۆ ده‌زگای ناسا بگه‌ڕێنێته‌وه‌، تا ببێته‌ هۆیه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خولگه‌ی زه‌وی و به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵه‌ی خۆر.

نیشانەکردن

جیهان