هەواڵی ئەمڕۆ

یه‌كگرتو: حكومه‌تی هه‌رێم حەوت ساڵە بەنایاسایی بڕیارێكی له‌باره‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ركردوه‌

01:00 - 03/02/2022

3557جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كگرتو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، وەزارەتی دارایی لەساڵی 2016ه‌وه‌ گشتاندنی کردوە بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بەوەزارەتەوە و (پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران)ی راگرتوە، تائێستاش ئەو رێنماییە جێبەجێدەکرێت و حه‌وت ساڵە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە.

سه‌رچنار ئه‌حمه‌د، بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كگرتو له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، وەزارەتی دارایی لەساڵی 2016 بە ڕێنمایی ژمارە (11) لە 24-1-2016 گشتاندنی کردوە بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بەوەزارەتەوە و (پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران)ی راگرتوە لە 1-1-2016وە تائێستاش ئەو ڕێنماییە جێبەجێدەکرێت و حه‌وت ساڵە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە.

ئەو ماددەیە بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوەناکات کە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بۆیان هەبێت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕابگرن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەو ڕێنماییە پاڵپشت بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دەرچوە بەژمارە (56) لە 21-12-2015 کە سەرەڕای ئەوەی ئەو بڕیارە لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستاندا بڵاونەکراوەتەوە، پاڵپشتی بە بڕگەی (1/ٲ)ی ( ماددەی نۆزدەیەم)ی یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960ی هەموارکراو بەستوە، کە بەسەرنجدان لەو ماددەیە، بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوەناکات کە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بۆیان هەبێت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕابگرن کە مافێکی یاسایی سەرجەم فەرمانبەرانە بەو مەرجانەی کەلە یاساکەدا هاتوە.
وەزارەتی دارایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی پەیوەستکردوە بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2016وە
لەبڕگەیەکی دیكه‌ی رێنماییەکەدا وەزارەتی دارایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی پەیوەستکردوە بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2016وە، ئەوە حه‌وت ساڵە پرۆژەیاسای بودجە نەهاتوەتە پەرلەمان و پەسەندنەکراوە و دانانی وەها مەرجێک لەسەر فەرمانبەران لە مافێکی یاسایی خۆیاندا ستەمە لە فەرمانبەران و لەبەرژەوەندیاندانییە، ناکرێت فەرمانبەر باجی بێباکی و کەمتەرخەمی حکومەت بدات کە جگە لە پلە بەرزکردنەوە لە پاشکەوت و بڕینی موچەشدا جارێکیتر فەرمانبەران بونەوە قوربانی بێپلانی و بێباکی حکومەت.
هەرچی زوترە وەزارەتی دارایی سەر لەنوێ ڕێنمایی یاسایی دروست بەپرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەربکات
بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كگرتو داوا ده‌كات، "هەرچی زوترە وەزارەتی دارایی پێداچونەوە بە ڕێنمایی ژمارە (11)ی ساڵی 2016 دا بکات و سەر لەنوێ ڕێنمایی یاسایی دروست بەپرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەربکات و ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنێتەوەو قەرەبوی ئەو 7 ساڵەی پێشوتریشیان بۆبکاتەوە".

نیشانەکردن

یەکگرتووی ئیسلامی