هەواڵی ئەمڕۆ

"بەبێ سەرپۆش بەشداری تاقیکردنەوە ناکەیت"، مردنی خوێندکارێکی عێراقی ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە

12:09 - 03/02/2022

2940جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
لەیەکێک لەخوێندنگەکانی خۆرئاوای موسڵ،  دوای ئەوەی مامۆستایەک رێگری لەخوێندکارێک دەکات بێ سەرپۆش بەشداری تاقیکردنەوەکان بکات و دوای تێپەڕبونی چەند کاتژێرێک بەسەر روداوەکەدا خوێندکارەکە دەمرێت.

"بەبێ سەرپۆش ناتوانیت بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەیت"

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردوەتەوە، دوێنێ چوارشەممە خوێندکارێکی تەمەن ١٢ساڵی کچ بە ناوی سەما ، لەناوچەی موسڵی نوێ لە خۆرئاوای پارێزگاکە، چوەتە خوێندنگەکەی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ، بەڵام یەکێک لە مامۆستاکانی خوێندنگەکە پێی وتوە"بەبێ سەرپۆش ناتوانیت بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەیت"بۆیە خوێندکارەکە بەناچاری گەڕاوەتەوە ماڵەوە.

لەگەڵ گەیشتنی توشی خوێنبەربون بوە و مردوە

ئاشکراشیکردوە، دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە و سەرپۆشی لەسەر کردوەو و لەگەڵ مامیدا گەڕاوەتەوە بۆ قوتابخانەکەی، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی توشی خوێنبەربون بوە و مردوە.

دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە لە روداوەکە

لەدوای روداوەکە عەلی دلێمی، وەزیری پەروەردەی عێراق لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پەیوەندی بە خێزانی خوێندکارەکەوە کردوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە لە روداوەکە.

منداڵەکە پێش کاتژمێر هەشت و دەستپێکردنی دەوام خوێندگەی بەجێهێشتوە

لای خۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەینەوا بڵاویکردوەتەوە، منداڵەکە پێش کاتژمێر هەشت و دەستپێکردنی دەوام خوێندگەی بەجێهێشتوە، هاوکات نەخۆشی دڵی هەبوە.
هاوکات ئاشکراشیکردوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە هۆکاری راستەقینەی روداوەکە.

سەرپۆش بابەتێکی ناچاری نییە لە خوێندنگەکانی عێراق

لەبارەی هەمان روداوەوە، وتی، سەرپۆش بابەتێکی ناچاری نییە لە خوێندنگەکانی عێراق، ئەوەی لە میدیاکانەوە باس دەکرێت راست نییە، پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت و لایەنی کەمتەرخەم سزابدرێت.

نیشانەکردن

موسڵ