هەواڵی ئەمڕۆ

ئەبوبەكر هەڵەدنی: ئەوانەی بانگەشەی حكومەتی زۆرینە دەكەن هۆكاری تەشەنەكردنی گەندەڵیین

04:23 - 01/02/2022

1427جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەو لایەنانەی بانگەشەی حکومەتی زۆرینە و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دەکەن، هەر ئەوان هۆکاری دۆخی خراپی عێراق و تەشەنەسەندنی گەندەڵیی بون لەڕابردودا، بۆیە کە "عەقڵیەت و دونیابینیت نەگۆڕا بێت، بەدڵنییاییەوە شکستەکان بەردەوام دەبن".

جاران سورکردنەوە و کوڵاندنەکە لە مەتبەخی ئێرانیدا بو ئێستا تورکیا و ئیمارات
ئەبوبەكر هەڵەدنی لەنوسینێکدا بە ناونیشانی "ئەوەی لەسەر شانۆی عێراق دەگوزەرێ" باسی لەوەشکردوە، "بابەتەکە گۆڕانکارییە لەهەژموندا، جاران سورکردنەوە و کوڵاندنەکە لە مەتبەخی ئێرانیدا بو ئێستا تورکیا و ئیمارات و هاوپەیمانەکانیانە. بۆیە هەتا هێز و حزبەکانی عێراق و کوردستان لە تەوقی بەبارمتەگیراوی دەرنەچن و ملکەچ و وابەستەی هێزە هەرێمایەتییەکان بن هەمان تاس و حەمامە".
کە عەقڵیەت و دونیابینیت نەگۆڕا بێت، بەدڵنییاییەوە شکستەکان بەردەوام دەبن
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو هێزانەی کە ئێستا بانگەشەی حکومەتی زۆرینە دەکەن هەر ئەوان هۆکاری دۆخی خراپی عێراق و تەشەنەسەندنی گەندەڵیی بون لەڕابردودا، "کە عەقڵیەت و دونیابینیت نەگۆڕا بێت، بەدڵنییاییەوە شکستەکان بەردەوام دەبن."
هیچ هێزێک لە عێراق بەوانەی هەرێمیشەوە دۆڕان قەبوڵ ناکەن 
لەبارەی مامەڵەی لایەنەکان و پرۆسەی دیموکراسیش باسی لەوەکردوە، "هیچ هێزێک لە عێراق بەوانەی هەرێمیشەوە دۆڕان قەبوڵ ناکەن لەبەر لاوازیی کلتوری دیموکراسیی و نەبونی دامودەزگای سەربەخۆی چاودێریی، مادام هێز و حزبە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان چەک و پارە و دەزگای هەواڵگیریان بەدەستەوە بێت ئەواناسەقامگیری هەر بەردەوام دەبێت. لەهەمویشی کارەساتبارتر دەوڵەتانی خۆرئاوا دیموکراسییان بۆعێراق و هەرێم ناوێت، بەڵکو تەنها بۆ وڵاتی خۆیانە لەڕابردو و ئێستاشدا مامەڵە و پشتیوانی لە ستەمکارترین دەسەڵات دەکەن".