لەسلێمانی پشو راگەیەنرا

09:50 - 20/01/2022

66631جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
لیژنەی فریاگوزاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی زۆر بونی بەفربارین، ئەگەرەکانی زیادبونی روداوی هاتوچۆ و لە بەر سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان ئەمڕۆ پێنجشەممە کراوە بە پشوی فەرمی، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەکەن  لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە.  

 سەبارەت بە دەوامکردن ئەمڕۆ کراوە بە پشوی فەرمی

لیژنەی فریاگوزاری سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "لیژنەی فریاگوزاری سلێمانی جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی زۆر بونی بەفربارین ئەگەرەکانی روداوی هاتوچۆ زیاترە، هەروەها سەبارەت بە دەوامکردن ئەمڕۆ کراوە بە پشوی فەرمی، لەبەرئەوە لە بەر سەلامەتی گیانی خۆتان و ماڵ و منداڵتان لە ماڵەکانتاندا بمێننەوە و مەیەنە دەرەوە."

 بەهۆی زۆری بەفرەکەوە مەترسی زۆر بۆ مانۆڕی شۆفێریکردن دروست بوە

ئەوەش هاتوە، "تیمەکانی شارەوانی و ڕێگاوبان لە ئێستادا لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان بەڵام بەهۆی زۆری بەفرەکەوە مەترسی زۆر بۆ مانۆڕی شۆفێریکردن دروست بوە لە سەنتەری شار و دەرەوەی شار."

 هیچ ڕێگایەک سەلامەت نییە تکا دەکەین با توشی ڕوداو و کارەساتی هاتوچۆیی نەبن

هاوکات راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، "تکاو داوامان لە شۆفێران ئەوەیە بە هیچ جۆرێک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوەو شۆفێری نەکەن، چونکە هیچ ڕێگایەک سەلامەت نییە تکا دەکەین با توشی ڕوداو و کارەساتی هاتوچۆیی نەبن."