خه‌ندان-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، دوای چوار رۆژ له روداوێكی شێلان و هه‌ڵاتنی شۆفێره‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی پۆلیس توانیان شۆفێری ههڵاتو ده‌ستگیربكه‌ن كه له كه‌مئه‌ندامێكی داب‌و پاشان به‌جێی هێشتبو.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پۆلیسی هه‌ولێر، له رۆژی 15ی (كانونی دوه‌م/1)ی 2022 له ڕێگای سۆشیال میدیاوه نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیری ناوخۆ كرا، تیایدا گشت كه‌مئه‌ندامانی شاری هه‌ولێر داوایان كردبو، به‌هانای مه‌سعود ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ژینی كوردستان بۆ كه‌مئه‌ندامانی ده‌ست و پێ بێن، له‌به‌رئه‌وه‌ی خودی خۆی كه‌مئه‌ندامه و له‌سه‌ر كورسی خولاو ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆی به‌سه‌ر ده‌بات، له سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تریش ئۆتۆمبێلێك به خێراییه‌كی زۆر لێیداوه و فڕێی داوه‌ته سه‌ر شۆسته و به‌و هۆیه‌وه برینداربوه و شۆفێره‌كه‌ش هه‌ڵاتوه و خۆی حه‌شارداوه.
هێزه‌كانی پۆلیس له 15ی ئه‌م مانگه تا ئه‌مڕۆ 19ی (كانونی دوه‌م/1) به شه‌و و ڕۆژ له لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچونێكی چڕدا بون
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، هێزه‌كانی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر له ههمانكاتی روداوه‌كه‌دا و له 15ی ئه‌م مانگه تا ئه‌مڕۆ 19ی (كانونی دوه‌م/1) به شه‌و و ڕۆژ له لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچونێكی چڕدا بون و ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه تۆمهتبارهكهیان ده‌ستگیركرد و ده‌ستیان به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌شیدا گرت.
پۆلیسی هه‌ولێر راشیگه‌یاندوه، "دڵنیایی ده‌ده‌ینه دانیشتوانی شاری هه‌ولێر، كه شه‌و و ڕۆژ كار ده‌كه‌ین بۆ پاراستنی سه‌ر و ماڵیان و به‌رقه‌راربونی ئه‌منیه‌تی شاری هه‌ولێر".