نیوزلاند؛ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی گڕكانێكه‌وه‌ چاره‌نوسی 150 كه‌س نادیاره‌

09:18 - 19/01/2022

1947جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

حكومه‌تی نیوزلاند ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی گڕكانێك له‌ نزیك وڵاتی تۆنگا و دورگه‌كانی چوارده‌وری چاره‌نوسی 150 هاوڵاتی به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش كه‌شتییه‌كی سه‌ربازی پڕ له‌ هاوكاری مرۆی رەوانەی ئه‌و وڵاته‌ كردوه‌ كه‌ به‌هۆی گڕكانه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی خۆراك و ئاوی شرینیان له‌ده‌ستداوه‌.

حكومه‌تی نیوزلاند رایگه‌یاندوه‌، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی گڕكانێكه‌وه‌ له‌ نزیك وڵاتی تۆنگا له‌ دورگه‌ی "مانگۆو" 50 كه‌س و له‌ دورگه‌ی ئه‌تاتا 100 هاوڵاتی بێسه‌روشوێنن و تا ئێستاش به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نازانرێت چه‌ند كه‌سیان مردون و چاوه‌ڕوانده‌كرێت رێژه‌ی بێسه‌روشوێنبونی هاوڵاتیانیش به‌رزترببێته‌وه‌.

هیچ ماڵێك له‌سه‌ر هه‌ردو دورگه‌ی مانگۆو و ئه‌تاتا نه‌ماوه‌

سه‌باره‌ت به‌ دواین زانیارییه‌كان، چاودێرانی كه‌شوهه‌وای نیوزلاندا رایانگه‌یاندوه‌، هیچ ماڵێك له‌سه‌ر هه‌ردو دورگه‌ی مانگۆو و ئه‌تاتا نه‌ماوه‌، ته‌نها كۆمه‌ڵێك په‌ناگه‌ی بچوك بونیان ماوه‌ كه‌ به‌ جل و پارچه‌ په‌ڕۆ له‌لایه‌ن رزگاربوانی ئه‌و دورگانه‌وه‌ دروستكراوه‌.

تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا زۆر سنورداربوه‌

له‌لای خۆشیه‌وه‌ حكومه‌تی  تۆنگا رایگه‌یاندوه‌، تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا زۆر سنورداربوه‌، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ ژێر زه‌ریاییه‌ بوه‌ته‌ هۆی پچڕانی تۆڕه‌كانی فایبه‌ر ئۆپتیكی جیهانی له‌ سنوری ئه‌و وڵاته‌.

چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆڕانه‌ش پێویستی به‌ ماوه‌ی 4 هه‌فته‌ هه‌یه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌،  چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆڕانه‌ش پێویستی به‌ ماوه‌ی 4 هه‌فته‌ هه‌یه‌ و تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا له‌ كاركه‌وتوه‌ و رێگایه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ تا په‌یوه‌ندی به‌ دانیشتوان و حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ بكرێت.

له‌لای خۆشییه‌وه‌، حكومه‌تی نیوزلاند كه‌شتییه‌كی سه‌ربازی پڕ له‌ هاوكاری مرۆی ئاراسته‌ی شازاده‌ی ئه‌و وڵاته‌ كردوه‌ و كه‌ به‌هۆی گڕكانه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی خۆراك و ئاوی شرینیان له‌ده‌ستداوه‌ و یارمه‌تیشیان ده‌درێت تا ده‌ست به‌ بنیادنانی چادری نیشته‌جێبونی كاتی بۆ ئه‌و رزگاربوانه‌ بكرێت و هه‌وڵیش بدرێت له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هاولاتیانه‌ی كه‌ بێسه‌روشوێنن.

نیشانەکردن

نیوزلەندا