هه‌ولێر؛ رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر كه‌ پرۆژه‌یان له‌سه‌ر رێڕه‌وی ئاو دروستكردوه‌

08:54 - 19/01/2022

1088جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر ئه‌نجامدرا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان راسپێردران، هه‌روه‌ها ئیجرائاتی پێویست ده‌رهه‌ق به‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ بگیرێته‌به‌ر كه‌ ده‌ستدرێژی و زیاده‌ڕۆییان كردوه‌ته‌ سه‌ر رێڕه‌وی ئاو، یان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پرۆژه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ئاو جێبه‌جێكردوه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پارێزگای هه‌ولێر، دوای فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری دروستبونی لافاو له‌شاری هه‌ولێر و ده‌ستنیشانكردنی ڕێگاچاره‌ بۆ به‌رگرتن و دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی لافاو و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌ و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ئاماده‌بونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و د.محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌، له‌دیوانی پارێزگا، كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێن و میكانیزمی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیار و ڕاسپارده‌ و پێشنیاره‌كانی ڕاپۆرتی لیژنه‌كه‌ ئه‌نجامدرا.

ئیجرائاتی پێویست ده‌رهه‌ق به‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ بگیرێته‌به‌ر كه‌ ده‌ستدرێژی و زیاده‌ڕۆییان كردوه‌ته‌ سه‌ر رێڕه‌وی ئاو

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، ته‌واوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕاسپێردران له‌ به‌یانیه‌وه‌ سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی ڕاپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری دروستبون و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی لافاو له‌شاری هه‌ولێر و چاره‌سه‌ركردنی كه‌مته‌رخه‌میی و كێشه‌كان كه‌ بونه‌ته‌ هۆكاری دروستبونی لافاوه‌ جێبه‌جێبكرێن، هه‌روه‌ها ئیجرائاتی پێویست ده‌رهه‌ق به‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ بگیرێته‌به‌ر كه‌ ده‌ستدرێژی و زیاده‌ڕۆییان كردوه‌ته‌ سه‌ر رێڕه‌وی ئاو، یان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پرۆژه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ئاو جێبه‌جێكردوه‌ و بونه‌ته‌ هۆكاری دروست بونی ئه‌و كاره‌ساته‌ و ئه‌و ڕوداوه‌ نه‌خوازراوه‌ی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.

ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 17ی (كانونی دوه‌م/1)ی 2022 مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌دیوانی پارێزگای هه‌ولێر، سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌ كاره‌ساتی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر كرد و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچونی بۆ ڕێكاره‌كان و پێشكه‌شكردنی فریاگوزاری و به‌هاناوه‌چونی زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه‌ و زانینی قه‌باره‌ی زیانه‌كان كرد، بڕیاریدا لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ تایبه‌ت پێكبهێندرێت بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وشوێن و كه‌ندانه‌ی كه‌ ده‌ستكاری و زیاده‌ڕۆییانه‌ی كراونه‌ته‌سه‌ر و بونه‌ته‌ هۆكاری دروستبونی لافاو و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی لافاو له‌ شاری هه‌ولێر.

 

نیشانەکردن

هەولێر