خه‌ندان-
به‌بڕیاری قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رای كفری له‌سه‌ر شێوازی دێرینی خۆی نۆژه‌نده‌كرێته‌وه و پێداویستیه‌كانی بۆ دابینده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه هاوتای ئه‌و مێژوه بێت كه سه‌رای كفری پێ ناسراوه.
فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری گه‌رمیان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردو، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سه‌ردانی قه‌زای كفری كرد و شوێنه‌واری دێرینی سه‌رای كفری به‌سه‌ركرده‌وه و له كه‌موكورتیه‌كانی كۆڵییه‌وه و به‌ڵێنی نۆژهنكردنهوهیدا، له‌ئێستادا و بۆ پاراستنی مێژو و كلتور و شارستانیه‌تی دێرینی كفری و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی داواكاری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوری گه‌رمیان، ده‌ستكرا به‌كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بینایه.
به‌شێوه‌یه‌ك نۆژه‌نده‌كرێته‌وه كه هاوتای ئه‌و مێژوه بێت كه سه‌رای كفری پێ ناسراوه
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی هه‌ردو نهۆمی باڵه‌خانه‌كه نۆژه‌نده‌كرێته‌وه له‌سه‌ر شێوازی دێرینی خۆی و پێداویستیه‌كانی بۆ دابینده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه هاوتای ئه‌و مێژوه بێت كه سه‌رای كفری پێ ناسراوه.
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، سه‌رای كفری كه‌وتوه‌ته به‌ری خۆرئاوای كفری و له‌ساڵی 1919 له‌سه‌ر روبه‌ری 374 مه‌تر دوجا دروستكراوه، جگه له‌وه‌ی وه‌ك شوێنه‌وارێكی دێرین لێی ده‌ڕوانڕێت سه‌رای كفری تا كۆتایی ساڵانی حه‌فتای سه‌ده‌ی رابردو دادگای كفری و چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی تری له‌خۆگرتبو.