هاوڵاتیانی ئه‌فغاستان روبه‌ڕوی بێكاری ده‌بنه‌وه‌

06:48 - 19/01/2022

1257جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

رێكخه‌ری باڵای رێكخراوی فاو بۆ كاروباری ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، ئه‌فغانستان به‌ بارودۆخێكی ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت، دابینكردنی پێداویستییه‌ مرۆییه‌كان ئه‌ركێكی گرنگه‌، به‌ڵام بۆ به‌رده‌وامبونی ژیان پێویسته‌ هه‌لیكار بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت كه‌ له‌ ئێستادا رێژه‌ی هه‌لیكار به‌ ڕێژه‌ی 8% كه‌میردوه‌. 

ئاژانسی هه‌واڵی ئابوری جیهانی Bloomberg، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، وڵاتی ئه‌فغانستان له‌ سه‌ره‌تای گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی نیو ملیۆن هه‌لیكاری له‌ده‌ستداوه‌ و چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ 900 هه‌زار هه‌لیكار به‌رزببێته‌وه‌.

له‌ چاره‌كی سێیه‌می ساڵی رابردودا له‌ ئه‌فغانستان به‌ڕێژه‌ی 8% هه‌لیكار كه‌میكردوه‌

له‌لای خۆشیه‌وه‌، رێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، له‌ چاره‌كی سێیه‌می ساڵی رابردودا له‌ ئه‌فغانستان به‌ڕێژه‌ی 8% هه‌لیكار كه‌میكردوه‌، له‌م نێوه‌نده‌شدا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م به‌ر چینی ژنان كه‌وتوه‌ كه‌ رێژه‌ی هه‌لیكار بۆ ژنان له‌ 16% كه‌مبونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

ئه‌فغانستان به‌ بارودۆخێكی ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، رامین بێهزاد رێكخه‌ری باڵای رێكخراوی فاو بۆ كاروباری ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، "ئه‌فغانستان به‌ بارودۆخێكی ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دابینكردنی پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك خۆراك و ته‌ندروستی و پێداویستییه‌ مرۆییه‌كانی دیكه‌ پێویستییه‌كی سه‌ره‌كین بۆ به‌رده‌وامبونی ژیان، به‌ڵام دابینكردنی هه‌لیكار و  پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی دیكه‌ هۆكارێكن بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی ژیانی هاوڵاتیان".

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، به‌پێی ڕاپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، نیوه‌ی دانیشتوانی ئه‌فغانستان كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی 40 ملیۆن كه‌سه‌ روبه‌ڕوی برسێتیه‌كی زۆر بونه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن منداڵیش له‌ به‌رده‌م ژیان و مردندان به‌ هۆی كه‌شوهه‌وای وه‌رزی ئه‌فغانستان و نه‌بونی سه‌رچاوه‌ی مانه‌وه‌ له‌ كه‌شوهه‌وا سارد و گه‌رمه‌كاندا.

نیشانەکردن

ئه‌فغانستان