وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق: به‌فرو بارانبارینه‌كه‌ی هه‌رێم كاریگه‌ری باشی له‌سه‌ر ئاو هه‌یه‌

05:02 - 19/01/2022

4511جار خوێندراوەتەوە

 خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، له‌ئه‌نجامی به‌فرو بارانبارین له‌شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بونه‌ته‌ هۆكار بۆ زیادبونی ئاستی ئاوی ده‌ریاچه‌كان به‌تایبه‌ت هه‌ردو به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان.
 
عه‌ون زیاب وته‌بێژی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق رایگه‌یاند، ئاستی ئاو له‌ به‌نداوه‌كانی دوكان و ده‌ربه‌ندیخاندا له‌ ئه‌نجامی به‌فرو بارانبارین روی له‌زیادبون كردوه‌، به‌ڵام هێشتا زوه‌ ئه‌و بڕه‌ ئاوه‌ ڕابگه‌یه‌نرێت كه‌ لێی سودمه‌ند ده‌بن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌و ئاوه‌ی كه‌ بۆ مانگی حوزه‌یرانی داهاتو پارێزراوه‌ كه‌ بۆ هاوینی داهاتو سیاسه‌تی نه‌ختینه‌ی ئاوی وه‌زاره‌ت دیاری ده‌كات.

پێشبینی ده‌كرێت كۆی گشتی به‌فره‌كان له‌ به‌هاردا بتوێنه‌وه‌ كه‌ بڕێكی باشی ئاو دابین ده‌كه‌ن

وتیشی، "ئه‌و به‌فره‌ی كه‌ له‌ دو ڕۆژی ڕابردودا له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان باریوه‌، كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌رچاویان بینیوه‌، به‌جۆرێك پێشبینی ده‌كرێت كۆی گشتی به‌فره‌كان له‌ به‌هاردا بتوێنه‌وه‌ كه‌ بڕێكی باشی ئاو دابین ده‌كه‌ن".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ شه‌پۆلێكی به‌فرو بارانبارین ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستانی به‌چڕی گرتوه‌ته‌وه‌ و له‌به‌شێك له‌ناوچه‌كان نزیكه‌ی یه‌ك مه‌تر به‌فر باریوه‌، به‌پێی پێشبینیه‌كانیش، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه‌ شه‌پۆلێكی دیكه‌ی به‌فربارین ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه‌.