هادی عامری رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر بڵاوكرده‌وه‌

04:32 - 19/01/2022

2643جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح هادی عامری ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ره‌تیكرده‌وه‌، له‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان باسیان له‌دیاریكردنی هیچ كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردبێت.
 
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی رونكردنه‌وه‌كه‌ش، نكۆڵی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ و كه‌سایه‌تی سیاسیه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت یان كاندیدكردنی هه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی هادی عامری بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی و به‌رپرسانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌كانی هادی عامری له‌ هه‌ولێر بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ دورن له‌ڕاستیه‌وه‌

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی هادی عامری ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌كانی هادی عامری له‌ هه‌ولێر بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ دورن له‌ڕاستیه‌وه‌ و به‌شێكن له‌هه‌وڵه‌كان بۆ تێكه‌ڵكردنی كاغه‌زه‌كان و چه‌واشه‌كردنی ڕایگشتی".

پێویسته‌ میدیاكان وریا بن و له‌ سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانیانه‌وه‌ زانیاری ورد بگه‌یه‌نن

راشیگه‌یاندوه‌، "پێویسته‌ میدیاكان وریا بن و له‌ سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانیانه‌وه‌ زانیاری ورد بگه‌یه‌نن به‌ بینه‌ر و خوێنه‌ره‌كانیان".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هادی عامری پاش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ نه‌جه‌ف و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در، 17ی ئه‌م مانگه‌ سه‌ردانی هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوه‌وه‌.

نیشانەکردن

عێراق