چوارچێوەی هەماهەنگی دروشمی پێکهێنانی حکومەت دەگۆڕێت

12:12 - 19/01/2022

7276جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت ئاستی داواکارییەکانی هێنایەخوارەوە و لەجێگەی حکومەتی سازان بەبەشداری هەمو لایەنەکان، داوای پێکهێنانی حکومەتێک دەکات کە رەزامەندی تەواوی لایەنەکانی لەسەر بێت بەبێ ئەوە هەموان بەشداربن تیایدا.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی عێراق باس لەوە دەکەن، پێکهێنانی حکومەتێک کە رەزامەندی تەواوی لایەنەکانی لەسەر بێت ئەگەرێکی بەهێزە، بەتایبەت کە یەکێک لە مەرجەکانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریشە کە نابێت هەموان بەشداربن لە حکومەتدا، بەدیاریکراویش سەدر نایەوێت هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی بەشداربێت لەو حکومەتەدا کە رەوتەکەی سەرۆکایەتی دەکات.

تائێستاش هەوڵەکانی ئێران بۆ کۆکردنەوەی شیعەکان بێ ئەنجام بوە
ئێران کە وەک کۆکەرەوەی شیعەکانی عێراق دەردەکەوێت لەسەر ئاستی فەرماندەی فەیلەقی قودس هاتوەتەسەر خەت تاوەکو ئەو دابەشبونەی لەنیوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیدا دروست بوە چارەسەر بکات، تائێستاش هەوڵەکانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لەبەغدا و نەجەف بێ ئەنجام بوە.
سەدر رەزامەند دەبێت بە پێکهێنانی حکومەتێک بەبێ دەوڵەتی یاسا
پەیوەست بەشێوەی حکومەتی داهاتوش ماڵپەڕی (وكالة الحدث الاخبارية) لە بەدواداچونێکدا دەڵێت، چاودێرانی سیاسی عێراق باوەڕیانوایە هەوڵەکانی ئێران و پێویستی پاراستنی ناو ماڵی شیعەکان، لەکۆتاییدا وادەکەن سەدر رەزامەند بێت بە پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینە کە تەنها هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەشدار نابێت لە پێکهێنانیدا.
سەردانەکانی عامری دەروازەی رێککەوتنی لێدەکەوێتەوە
مەحمود حەیانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندوە، سەردانەکەی رۆژی دوشەممەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیان بۆ هەولێر و پێشوتریش کۆبونەوەی لەگەڵ موقتەدا سەدر، دەروازەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی لێدەکەوێتەوە، چاوەڕێش دەکرێت لایەنەکان لەبارەیانەوە بگەنە رێککەوتن.