عێراق کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر ئەنجام دەدات

10:30 - 19/01/2022

571جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا  کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی نیشتیمانی  بۆ بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر ئەنجام دەدرێت، چونکە باوەڕیانوایە ماددە هۆشبەرەکان بونەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی.

دیاردەی بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی تاوتوێ دەکرێت
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق  لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "لەکۆنگرەکەدا دیاردەی بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی تاوتوێ دەکرێت، کۆنگرەکەش بەبەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لە گەنجان، وەزارەتەکانی ناوخۆ، دارایی، دەرەوە، پەروەردە و خوێندنی باڵا بەڕێوەدەچێت".
دیاردەی بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر زیادیکردوە
ئاماژە بەوەشکراوە، لەچەند ساڵی رابردودا بەهۆی دۆخی ئابوری وڵات و زیادبونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، دیاردەی بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر زیادیکردوە و بوەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە لەسەر کۆمەڵگەی عێراق.
 داوامانکردوە ئەو بابەتە لە بواری پەروەردەشدا گرنگی زیاتری پێبدرێت
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق دەڵێت، هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی لەرێگەی هەڵمەتی هۆشیارییەوە هاوڵاتیان و گەنجان لە مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر ئاگادار بکەنەوە، هەروەها داوایانکردوە ئەو بابەتە لە بواری پەروەردەشدا گرنگی زیاتری پێبدرێت.

نیشانەکردن

عێراق