هەواڵی ئەمڕۆ

دوای بەرزبونەوەی نەوت، حکومەتی عێراق سیاسەتێکی نوێی دارایی جێبەجێ دەکات

04:37 - 18/01/2022

13547جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی داهاتوی حکومەت دوای بەرزبونەوەی بەهای نەوت، بریتی دەبێت لەجێبەجێکردنی ژمارەیەک رێکاری دارایی بۆ پاراستنی رەوشی ئابوری و سەرمایەی دارایی دەوڵەت.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری لەلێدوانێکدا باسی لەوەشکردوە، پلانەکەی حکومەتی عێراق بەناوی "وەرەقەی سپی" بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دارایی، کاریگەری هەبوە لەسەر باشترکردنی رەوشی ئابوری و بەرزکردنەوەی یەدەگی دراو.

رێگە لە خەرجی و قەرزی ناپێویست دەگرین
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ هەر قەیرانێکی دارایی تاوەکو کەمترین کاریگەری لەسەر دۆخی هاوڵاتیان نەبێت، لەقۆناغی داهاتودا ژمارەیەک رێکار دەگیرێنەبەر بۆ پاراستنی رەوشی ئابوری، لەوانەش ئامادەکردنی کارنامەیەک بۆ رێگرتن لە خەرجی و قەرزی ناپێویست.
 خۆ ئامادەکردن بۆ دۆخی ناجێگری نرخی نەوت بەشێکە لە کارنامەکە
راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، لەکارنامەکەدا خۆ ئامادەکردن بۆ دۆخی ناجێگری نرخی نەوت جێگەی دەکرێتەوە، چونکە کاریگەری خراپ و ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جێگیریی دارایی وڵات.

نیشانەکردن

عێراق نەوت