وته‌بێژی حكومه‌ت باسی 200 ملیاره‌كه‌ و "چاكسازی و ده‌ستكاریكردنی موچه‌" ده‌كات

02:02 - 17/01/2022

46420جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری سندوقی خانه‌نشینی دراوه‌ و جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بڕیاردراوه‌ چاكسازی له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت، به‌ڵام "له‌ موچه‌كه‌ نا، ده‌ستكاری موچه‌ ناكه‌ین، به‌ڵكو چاكسازی له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌كرێت، كه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن و كار ناكه‌ن، بندیوارن"، ده‌شڵێت، ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ بۆ هه‌رێم په‌سه‌ند كراوه‌، به‌ڵام رێكاره‌ ته‌كنیكییه‌كانی ته‌واو نه‌بوه‌".

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ چاكسازی و زیادكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات
جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ (17ی كانونی دوه‌م/ 2022) له‌ كۆڕبه‌ندی "کشتوکاڵ داهاتومانە" لە هەولێر له‌لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ چاكسازی و زیادكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات، ئامانجی ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ش، هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌، له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌، تا داهاتی هه‌رێمی كوردستان هه‌مه‌جۆر بكه‌ین و له‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهاته‌وه‌، بیكه‌نه‌ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی داهات".
بڕیار دراوه‌ چاكسازی له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت، به‌ڵام له‌ موچه‌كه‌ نا، ده‌ستكاری موچه‌ ناكه‌ین
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری سندوقی خانه‌نشینی دراوه‌ و جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بڕیار دراوه‌ چاكسازی له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت، به‌ڵام له‌ موچه‌كه‌ نا، ده‌ستكاری موچه‌ ناكه‌ین، به‌ڵكو چاكسازی له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌كرێت، كه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن و كار ناكه‌ن، بندیوارن".

له‌باره‌ی ره‌وانه‌كردنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، جوتیار عادل وتی، "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، به‌ڵام رێكاره‌ ته‌كنیكییه‌كانی ته‌واو نه‌بوه‌، هیوادارین له‌ چه‌ند رۆژی داهاتو به‌شێكی له‌ رێگه‌ی لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندییه‌وه‌ بگات".