وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ده‌مانه‌وێت پەیوەندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ روسیا جێگیربێت

09:55 - 17/01/2022

1285جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پێش گەشتەکەی بۆ کیێڤ و مۆسکۆ رایگه‌یاند، حکومەتی وڵاته‌كه‌ی دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ روسیا جێگیر بکات.

ئانلینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا به‌ر له‌ به‌ڕێكه‌وتنی بۆ ئۆكرانیا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و روسیا رایگه‌یاند، لیستێکی دورودرێژی دۆسیه‌ هه‌ن كه‌ پێویستە لە نێوان به‌رلین و مۆسكۆدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

 دەستپێشخەرییەکانی کیێڤ بۆ نوێکردنەوەی کەرتی وزەی ئۆکرانیا و پاراستنی فەزای سایبەر ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌میانی گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ئۆكرانیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و دەستپێشخەرییەکانی کیێڤ بۆ نوێکردنەوەی کەرتی وزەی ئۆکرانیا و پاراستنی فەزای سایبەر ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
وەزیری ده‌ره‌وه‌ سەردانی کیێڤ و مۆسکۆ دەکات بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئۆکرانیا
پێشتر کریستۆفەر بێرگەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاندبو، وەزیری ده‌ره‌وه‌ سەردانی کیێڤ و مۆسکۆ دەکات بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئۆکرانیا.

وتەبێژه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردبو، ئانلینا بیربۆک هەروەها لەو دو پایتەختەدا باس لەکێشەکانی پەیوەندیدار بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان ئەڵمانیاو روسیاو ئۆکرانیا دەکرێت.

ئانلینا بیربۆک، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ئه‌مڕۆ دوشەممە گەشت دەکات بۆ کیێڤ سبه‌ی سێشەممە دەڕوات بۆ مۆسکۆ و لەوێ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا روسیەکەی کۆدەبێتەوە.