سەرۆک بەرهەم: تەقینەوەکانی بەغدا ئاشتی کۆمەڵایەتی و مافی دەستورییان بەئامانجگرتوە

08:27 - 17/01/2022

1965جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک بەرهەم رایگەیاند، تەقینەوەکانی چەند رۆژی رابردوی بەغدا کردەیەکی تیرۆرستی و تاوانکاری بون، چونکە ئاشتی کۆمەڵایەتی و مافی دەستورییان  بەئامانج گرت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەتوانا کە پارێزگاری لە عێراقییەکان بکات، جەختیش دەکاتەوە لەوەی هێزەکان بەیەکەوە دەتوانن سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا بەدەستبهێنن.

تەقینەوەکانی چەند رۆژی رابردو هەڕەشە لەئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان دەکات

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەپەیامێکدا کە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەشکردوە، تەقینەوەکانی چەند رۆژی رابردوی بەغدا کردەیەکی تیرۆرستی و تاوانکارییە و ئیدانەکراوە، چونکە هەڕەشە لەئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان دەکات.

تەقینەوەکان لەکاتێکدان هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەتوانا چڕکراونەتەوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، تەقینەوەکان لەکاتێکی گوماناویدا رویاندا و ئاشتی کۆمەڵایەتی و مافی دەستوورییان بەئامانج گرت، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەتوانا کە پارێزگاری لە عێراقییەکان بکات و بڕیاری سەربەخۆی نیشتیمانی مسۆگەر بکات.

 هێزەکان بەیەکەوە دەتوانن سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا بەدەستبهێنن

سەرۆک بەرهەم لەکۆتایی پەیامەکەیدا دڵنیایی دەدات کەلایەن و هێزەکان بەیەکەوە دەتوانن سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا بەدەستبهێنن و لەریشەوە مەترسییەکانی کۆتایی پێبهێنن.

گروپەکانی بەرگری دەڵێن ئێمە لە پشت هێرشەکانەوە نین

لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا چەندینجار هێرشکرایە سەر بارەگای هاوپەیمانی تەقەدوم، عەزم و پارتی  لەگەڵ هێرشێکی موشەکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ناوچەی سەوز کە دو برینداری لێکەوتەوە. لای خۆیانەوە "گروپەکانی بەرگری" دەڵێن ئێمە لە پشت هێرشەکانەوە نین.