عه‌بدولستار مه‌جید: پارتی و یه‌كێتی مامڵه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌گه‌ڵ داهاتی گشتیی ده‌كه‌ن

04:34 - 15/01/2022

1334جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ و مامه‌ڵه‌یه‌كی مه‌ترسیداری یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ داهاتی گشتی هه‌رێمی كوردستان، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دواكه‌وتوه‌.

عه‌بدولستار مه‌جید له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "له‌ ئێستادا پارتی و یه‌كێتی مامڵه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌گه‌ڵ داهاتی گشتیی ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك هه‌ریه‌كه‌یان داهاتی ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ ده‌ستكه‌وت و غه‌نیه‌تی حزبه‌كه‌ی ده‌زانێت و ئاماده‌نیه‌ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتیی".

ئه‌م دو ده‌سه‌ڵاته‌ داهاتی ناوخۆ ناگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ده‌یبه‌ن بۆ خۆیان

راشیگه‌یاند، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و زانیاریی و به‌دواداچونانه‌ی به‌ ئێمه‌ گه‌یشتوه‌، ئه‌م دو ده‌سه‌ڵاته‌ داهاتی ناوخۆ ناگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ده‌یبه‌ن بۆ خۆیان، له‌وه‌ش خراپتر داهاتی نه‌وته‌ كه‌ هیچ كه‌س نازانێت چۆن و به‌چه‌ند ده‌فرۆشرێت و نه‌وتیش چه‌ند نرخی به‌رزبێته‌وه‌، كه‌متر له‌ 350 ملیۆن دۆلاری ده‌ده‌نه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی بۆ خۆیان و كۆمپانیاكانی حزب ده‌ڕوات".

هۆكاری نه‌بونی بودجه‌ و موچه‌ی خه‌ڵكیش هه‌ر ئه‌م مامه‌ڵه‌ مه‌ترسیداره‌یه‌

له‌باره‌ی نه‌بونی موچه‌شه‌وه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت، "هۆكاری نه‌بونی بودجه‌ و موچه‌ی خه‌ڵكیش هه‌ر ئه‌م مامه‌ڵه‌ مه‌ترسیداره‌یه‌".