توركیا له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر باره‌گای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ناوچه‌ی سه‌وز راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

04:27 - 15/01/2022

1258جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌مڕۆ سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌ موشیه‌كیه‌كانی سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدای كرد و داوای دان به‌خۆداگرتنیشی له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق كرد، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی سه‌قامگیری و ره‌چاوكردنی بارودۆخی ئاسایشی وڵات. 

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئێمه‌ نیگه‌رانین و سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كرانه‌ سه‌ر چه‌ند باره‌گایه‌كی جیاجیای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كه‌ ناوه‌نده‌ دیپلۆماسیه‌كانی تێدایه‌. 

ئێستا كاتێكی گونجاوه‌ بۆ یه‌خستنی هه‌وڵه‌كان به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی نوێی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كڕیزی

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێستا كاتێكی گونجاوه‌ بۆ یه‌خستنی هه‌وڵه‌كان به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی نوێی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كڕیزی، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش گرنگیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری به‌رده‌وام بێت له‌ عێراقی دراوسێ". 

توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پشتیوانیكردنی ئه‌و ئامرازانه‌ی كه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ عێراقدا پێویستن

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا داواشی له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردوه‌ له‌م دۆخه‌دا دان به‌خۆیاندا بگرن و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پشتیوانیكردنی ئه‌و ئامرازانه‌ی كه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ عێراقدا پێویستن.

 

بەرەبەیانی  پێنجشەممەی رابردو، لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا لەرێگەی بۆمبێکی چێنراو كرایه‌ ئامانج، هێرشەکەش زیانی مادی لێکەتەوە، هه‌روه‌ها شەوی رابردو لەڕێگەی دو موشەکەوە ناوچەی سەوزی بەغدا کرایە ئامانج و هەردو موشەکەکەش لەلایەن سیستمی دژەموشەکی جۆری سیرام خرانەخوارەوە.

هه‌ر دوای ئه‌و روداوانه‌ش،  درەنگانێکی شەوی 13ی ئه‌م مانگه‌ بارەگایەکی هاوپەیمانی تەقەدومی سونەکان کە لەلایەن محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لەڕێگەی بۆمبێكی چێنراوەوە كرایه‌ ئامانج، زیانی مادی لێکەوتەوە.

نیشانەکردن

تورکیا