لە ماوەی دو رۆژدا کۆبونەوەیەکی نوێ رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەکاتەوە

04:11 - 15/01/2022

2181جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌ركرده‌یه‌كی چوارچێوەی هەماهەنگی رایده‌گه‌یه‌نێت، پێده‌چێت له‌ ماوه‌ی دو رۆژی داهاتودا كۆبونه‌وه‌یه‌كی چوارچێوەی هەماهەنگی و ره‌وتی سه‌در به‌ڕێوه‌بچێت، له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.

وائیل ركابی، سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوەی هەماهەنگی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، "لە دو رۆژی داهاتودا کۆبونەوەیەک لەنێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەکرێت بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و ئەو گەمارۆ سیاسیەی کە رودەدەن، بەڵام تا ئێستا شوێن و کاتی کۆبونەوەکە دیاری نەکراوە".

هەوڵ هەیە بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌ی بۆچونەکانی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هەوڵ هەیە بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌ی بۆچونەکانی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی و کەناڵەکانی پەیوەندی نێوان ئەو دو لایه‌نه‌ راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بونیان هەیە و ناپچڕێت".
ناکۆکی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خراپی په‌یوه‌ندی نێوان مالیكی و موقته‌دا سه‌در
هاوكات ئاژانسی هه‌واڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە ناکۆکی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندی دوژمنایەتی شەخسی نێوان نوری مالیكی، سه‌رۆكی حزبی ده‌عوه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌مانگی و موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، كه‌ ئێستا براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی ساڵی رابردوه‌ و گه‌وره‌ترین لیستی له‌ په‌رله‌مان پێكهێناوه‌ و داوای پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتیمانی ده‌كات.

ئاژانسه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، رەتکردنەوەی دولایەنەی نێوان مالیکی و سەدر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008، كاتێك مالیکی هەڵمەتێکی گەورەی سەربازی لە دژی میلیشیاکانی سوپای مەهدی سەدر دەستپێکرد و دەیان کەسیان کوشت و سەدانیان دەستگیرکرد و بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ده‌ركردن.